بەپێی رۆژمێری فەرمی حکومەتی هەرێم رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پشووی فەرمییە
ساڵانە حکومەتی هەرێم رۆژانی پشووە فەرمییەکان لە رۆژمێری فەرمیدا دیاریدەکات و بەپێی رۆژمێرەکەش، 1ی ئایار کە دەکاتە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگاکاندا.
ساڵانە رۆژی 1ی ئایار، بەهۆی جەژنی کرێکارانەوە کراوە بە پشووی فەرمی. پشووەکە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق دەگرێتەوە بە حکومی و ناحکومییەکانیشەوە.
1ی ئایار بە جەژنی کرێکاران لە جیهاندا دادەنرێت و لەپێناو دانانی پێوانەیەكی هاوبەش بۆ ماوەی كاركردنی رۆژانە سەری هەڵداوە.
١ی ئایار كە لە ئەنجامی خەباتی كرێكارانی ئەمریكا لە ساڵی 1884ـدا لەپێناو كەمكردنەوەی ماوەی كاركردنی رۆژانە بۆ هەشت كاتژمێر سەری هەڵدا و ساڵی 1886 مانگرتنەكان بەجۆرێك فراوان بوون، بابەتەكە بووە پرسێكی جیهانی.
لە کۆنفرانسی رێكخراوی نێودەوڵەتیی برایەتیی كرێكاران كە ساڵی 1889 لە پاریس بەڕێوەچوو، بڕیار درا رۆژێك وەك جەژنی كرێكارانی جیهان دەستنیشان بكرێت و لەسەر پێشنیازی سەندیكاكانی ئەمریكا ئەو رۆژە بە 1ی ئایار دیاریكرا.