لە نوسینگەی پلاندانانی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغداد لە ژێر دروشمی “ئەولەویەت و مەترسی و دەرفەتەکان لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا” سیمینارێک رێکخرا.
هیشام عەلەوی، لە میانی وتارێکیدا ئاماژەی بەوە دا “تورکیا دراوسێیەکی گرنگی عێراقە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان لەسەر چەند بنەمایەکی هاوبەشە. لە نێوان دوو وڵاتدا بەرژەوەندی و مەترسی هاوبەش هەیە”.
عەلەوی جەختی لەوە کردەوە کە دوای ساڵی 2003 عێراق لە گرنگی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا روانیوە و وتی “گرنگترین نمونەی ئەم بابەتە پێکهێنانی ئەنجومەنی هاریکاری ستراتیژی نێوان دوو وڵاتە. عێراق و تورکیا دەیان یاداشنامەی هاوبەشیان واژۆ کردووە. تورکیاش گرنگی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات لە هەموو بوارەکاندا”.
جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات کرد و ئاماژەی بەوە دا لە 20 ساڵی رابردوودا قەبارەی بازرگانی زیادی کردووە.
عەلەوی کە پێشتر بالیۆزی عێراق بووە لە ئەنقەرە باسی لە کێشە ناوچەییەکانی کرد و رایگەیاند “لە نێوان عێراق و تورکیا هاوکاری هەیە. بۆ کۆتایی هێنان بە کێشە ناوچەییەکان و سەقامگیری ناوچەیی عێراق دەتوانێت لەگەڵ تورکیا بەیەکەوە کار بکات. هاوکات دەمانەوێت پەرە بە بوارەکانی دەرەوەی نەوتی وەک کشتوکاڵ، تەندروستی و خزمەتگوزاری بدەین. دەتوانین سوود لە ئەزمونی تورکیا وەرگرین لەم بوارانەدا. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا وڵاتێکە خاوەن ژێرخان و ئەزمونە لە گەشتوگوزار. هەروەها لە سێکتەری دارایی و ئابووریش پێشکەوتووە و دەتوانین سوود لە ئەزمونی بانکیی تورکیا وەرگرین. بەرهەمە تورکییەکانیش رەواجی زۆری لەسەرە لە عێراق”.
عەلەوی ئەوەی وەبیرهێنانەوە کە عێراق نەوتەکەی لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکات و رایگەیاند، تورکیا دەبێتە پایەی گرنگی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق. وتیشی “تورکیا سەرەکیترین هاوبەشی عێراقە لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان”.
عەلەوی بە ئاماژەدان بەوەی کە هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بواری ئەمنی و سەربازیدا هەیە، جەختی لەوە کردەوە “بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە عێراق کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانییە بۆ تورکیا”.
جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، “هاوبەشکردنی هەواڵگری لەگەڵ تورکیا لە شەڕی دژی تیرۆردا گرنگە. بوونی پەکەکە (لە عێراق) پرسێکی ئاڵۆز و کێشەدارە. تورکەکان ئەولەویەت بەو بابەتە دەدەن، ئێمەش ئەولەویەت بە کێشەی ئاو دەدەین. یەکێک لە گرنگترین کارەکانی وەزارەتی دەرەوە ئەوەیە کە کۆتایی بوونی پێکهاتەی چەکداری بیانی لە عێراق بهێندرێت و چالاکییەکانیان بوەستێندرێت.
عەلەوی هەروەها ئاماژەی بە سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد بۆ بەغداد و رایگەیاند، “سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق دەرفەتێکی گرنگە و زەمینە و دەرفەتێک بۆ سەردانێکی ئاست بەرز بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێکدەهێنێت”.