عێراق نامەیەکی هۆشداری ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان و ئێران دەکات

عێراق نامەیەکی هۆشداری ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان و ئێران دەکات

شوبات 11, 2024 21:55
عێراق نامەیەکی هۆشداری ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان و ئێران دەکات
0

لایک

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەوانەیە عێراق بەرەو جەنگ ببەن، لەوبارەیەوە نامەیەکی هۆشدارکردنەوەیان ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کردووە و هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی ئێران کراوە و وتیشی، “نیگەرانین لە دەسەڵاتی هەموو ئەو لایەنانەی لە عێراقدا هەیە، نەک تەنها ئێران، هەولیش دەدەین سەرجەم ئەو هەژموونانە نەهڵێن و سەرجەم بڕیارەکانی عێراق لە بەغدادەوە بدرێت.”

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی (بی بی سی) بریتانی راگەیاند، لەوانەیە عێراق بکەوێتە جەنگێکەوە بەهۆی هێرشی تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکانی ئێستای ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، هیوادارن هەردوولا لە هێرشەکانیان بوەستن، چونکە کێشەکانیان لە خاکی عێراقدا چارەسەر نابێت.

فوئاد حسێن ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دانوستانەکانی کشانەوەی دوو هەزار و 500 سەربازە ئەمریکییەکان دەستپێبکات، کە لە ساڵی 2014 وەک راوێژکاری سەربازی بۆ هاوکاریکردن لە رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش هاتنە عێراق، چونکە ماوەی مانەوەیان تێپەڕاندووە.

باسی لەوەشکرد، زۆربەی گەلی عێراق نایانەوێت هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەدا بمێننەوە، ئەو ئەمریکییانەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بانگهێشتکراون دانوستانیان لەگەڵ دەکەن، ئەو ئەمریکیانەی بەبێ بانگهێشت هاتوونەتە عێراق دەبێت وڵاتەکە جێبهێڵن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، گرووپە چەکدارەکان لە ئێستادا رووبەرووی ئاڵنگارییەک دەبنەوە، ئەویش بریتییە لە گۆڕانی عێراق، چونکە وتەکانی ئەو گرووپانە لە ماوەی رابردوو بە مانای هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکە دەهات.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نامەیەک ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کراوە و پێیان وتراوە، ئەگەر بەردەوام بن ئەوا عێراق بەرەو جەنگ دەبەن، هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی تاران کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، نیگەرانە لە دەسەڵاتی هەموو ئەو لایەنانەی لە عێراقدا هەیە نەک تەنها ئێران، ئەوان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەژموونی ئەو لایەنانە نەهێڵن، بڕیارەکانی عێراق پێویستە لە بەغدادەوە دەربچێت.

En az 10 karakter gerekli