بەمەبەستی پەسەندکردنی بودجە، سبەینێ بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی دانیشتنەکانی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی ئایاری 2023 ئیبتیسام هیلالی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سبەی سێشەممە یەکەم خولی ساڵی دووەمی یاسادانان کۆتایی دێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت سەرۆکایەتی ئەنجومەن ماوەی دانیشتنەکانی ئێستا درێژبکاتەوە تا ئەوکاتەی یاسای بودجە پەسەند دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سبەی سێشەممە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنێکدا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسادانانی دانیشتنەکان دەدات بۆ ماوەی مانگێک بەئامانجی پەسەندکردنی یاسای بودجە”.
ئەوەشیخستەڕوو، لەئێستادا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کار بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دەکات کە 64 ترلیۆن دینارە و دەیەوێت بیگەیەنێتە 50 ترلیۆن، چاوەڕوانیشدەکرێت لیژنەی دارایی لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی تەواو بکات بەئامانجی پەسەندکردنی یاسای بودجە.