لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان – عێراق ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن نوێنەری وەزارەتەکەیانەوە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
ئەمڕۆ لە بەغدا بەهۆی دۆخی کەشوهەوا پشووی فەرمییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان “بەشی وردبینیی وەزارەتی دارایی عێراق لە دەوامن تەنیا بۆ وەرگرتنی لیستی مووچەکە و ئەمڕۆ وردبینیی تێدا ناکەن.”
بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان – عێراق لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان – عێرا ق تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ زیاتر لە یەک ملیۆن و 114 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان زیاترە لە 960 ملیار دینار.
لە ماوەکانی رابردوودا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەر فەرمانبەرێک تاوەکو 20ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ بایۆمەتری نەکات، مووچەکەی رادەگیرێت، بۆیە رۆژانە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق بەردەوامن لە راییکردنی کاروبارەکانی تەواوکردنی بایۆمتەریی فەرمانبەر و خانەنشینان.