نەخۆشی ئەمڕۆ: کەمی ڤیتامین D

نەخۆشی ئەمڕۆ: کەمی ڤیتامین D

تەممووز 23, 2023 08:24
نەخۆشی ئەمڕۆ: کەمی ڤیتامین D
0

لایک

ڤیتامینەکان، کە سودێکی زۆریان بۆ جەستەمان هەیە، پاڵپشتی کارکردنی تەندروستانەی میتابۆلیزم(زیندەپاڵ)ـمان دەکەن بە چەندین شێوە، هەروەها لە زۆرێک لەو خۆراکانەدا هەیە کە دەیخۆین، گرنگییەکی زۆری هەیە لە بەردەوامیی ژیانێکی تەندروست و لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشییەکان.

ڤیتامینەکان، لە جەستەی مرۆڤدا رۆڵی جیاوز لە خۆ دەگرێت و پێویستە لە جەستەی مرۆڤ بە رێژەی جیاواز بوونی هەبێت. بە کەمبوونی هەر ڤیتامینەک لە جەستە، مەترسی کێشەی تەندروستی زیاد دەکات.

زانینی ئەرکی ڤیتامینەکان، دەبێتە هۆی دروستکردنی شێوازی خواردنێکی تەندروست.

بە گشتی کەمی ڤیتامین D بوەتە کێشەیەکی بەربڵاوی هاووڵاتیان و هەر لە بارەی ئەم کێشەی کەمی ڤیتامین Dـەوە چاوپێکەوتنەکمان لەگەڵ دکتۆر پەیوەند چۆمانی ئەنجام دا.

چۆمانی لەسەرەتادا وتی، “ڤیتامینەکان، پێکهاتە ئۆرگانیکەکانە کە جەستە پێویستی پێیەتی و چەند جۆر ڤیتامین بوونی هەیە وەک (A, B, C, D, E, K )کە هەموویان گرینگن بۆ مرۆڤ.

“ڤیتامین B یەکێک لە گرنگترین ڤیتامینەکان کە جەستە پێویستی پێیەتی”

هەروەها چۆمانی، ئاماژەی بەوە کرد کە ڤیتامینەکان پێکدێت لە دوو گروپ کە یەکێکیان لە ئاو شیدەبێتەوە و جۆرەکەی دیکەش
لە چەوری، هەروەها دەڵێت، “ڤیتامین A بە زۆرینە لە گێزەر هەیە و پێشنیاری خواردنی گێزەر دەکرێت بۆ تەندروستی چاوەکان. ڤیتامین B لە گۆشتی سوور و لەو خۆراکانە هەیە کە بەهای خوێن زیاد دەکات. هەروەها ڤیتامین C لە میوە ترشەکان وەک پرتەقاڵ و لیمۆ بوونی هەیە. بەڵام ڤیتامین D زۆر کەم لە خۆراک بوونی هەیە و باشترین سەرچاوەکەی تیشکی خۆرە.”

چۆمانی تیشکی خستە سەر گرنگی ڤیتامینەکان و پێداویستی ڤیتامینەکان بۆ مرۆڤ و وتی: “بە هۆی بەشداری کردنی لە پرۆتین و دروست کردنی خوێن، ڤیتامین B یەکێک لە گرنگترین ڤیتامینەکانە.”

هاوکات چۆمانی وتیشی، “خواردنەکانمان وەک پێویست نیە و بە گشتی خواردنی (Fast Food) دەخۆین، ئەو گەنمەی کە لە نانەکەدا بەکاردێت دەستکاری جێنی دەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی لە دەستدانی ڤیتامینەکانی خۆراکەکە، بەڵام گۆشت، ڤیتامین B لە خۆ دەگرێت و زۆریش بە سوودە.”

چۆمانی دەشڵێت: “هەڵەیەک هەیە کە دەبێت چاکیبکەین، ڤیتامین D لە تیشکێکی بەرزی خۆر وەرناگیرێ و بە پێچەوانەوە تیشکی بەرزی خۆر دەبێتە هۆی سوتانی پێست و لە دەستدانی ڤیتامین A و E و D لە جەستە دا. گەر بمانەوێت ڤیتامین D لە تیشکی خۆر وەربگرین ئەوا دەبێت لە کاتی کەمبوونی تیشکی خۆر بچینە بەر رۆژ کە بەیانییان و ئیوارانە.”

“کەمی ڤیتامین D دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک”

چۆمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە دیاردە باوەکانی کەمی ڤیتامین D ئازاری پشت و شان و بێهێزی و زۆر ماندوبوونە. هەروەها ڤیتامین D بەرپرسە لە دروستکردنی ئێسکەکان و کەمبوونی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی ئازاری ئێسک و جومگەکان و تەنانەت دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک.

چۆمانی دەربارەی وەرگرتنی ڤیتامین D وتی: “جگە لە تیشکی خۆر دەتوانن لە زەردێنەی هێلکە و پەنیر و ماسی و روونی ماسی وەربگیرێت.” هەروەها دەشلێت، “وەکو دکتۆرەکان داوا دەکەین لە تەمەنی منداڵیەوە هەموو کەسێک تەواوکەری ڤیتامین D وەربگرێت و لە ئەگەری کەمبوونی ڤیتامینەکە، گرینگە کە پشکنین بکرێت و خواردنی تەواوکەرەکان بەکار بهێندرێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کەمی ڤیتامین D.”

دکتۆر پەیوەند چۆمانی، ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت شێوازی خواردنەکان تەندروست بێت بۆ خۆ پاراستن لە کەمی ڤیتامین و جەختی لە گرنگی هەبوونی خۆراکی جیاواز لە لیستی خۆراکەکان کرد کەدەیخۆین.

هەواڵ: ئیسرا قەسابئۆغڵو

En az 10 karakter gerekli