وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕایگەیاند، هێزی بەرگریی ئاسمانی ناتۆ لە دەریای ناوەڕاست توانیویانە مووشەكێكی بالیستی بخەنەخوارەوە كە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو.
وەزارەتی بەرگریی توركیا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە: ئەمڕۆ دووشەممە مووشەكێكی بالیستی كە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو هاتووەتە ناو ئاسمانی توركیا، بەڵام لەلایەن هێزی بەرگریی ئاسمانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست خراوەتە خوارەوە.
ئەمە چوارەمجارە مووشەك ئاراستەی ئاسمانی توركیا و بەتایبەت ئاراستەی بنكەی ئاسمانی ئەنجەرلیك لە نزیك شاری ئەدەنە لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا دەكرێت.
وەزارەتی بەرگریی توركیا پێشتر ڕایگەیاندبوو كە بنكەی ئاسمانی ئەنجەرلیك بنكەیەكی تەواو توركییە و لەلایەن فەرماندەیەكی توركیاوە بەڕێوەدەبرێت، ئاماژەی بەوەشداوە كە بوونی سەربازانی ئەمریكی لە بنكە ئاسمانییەكە مانای ئەوە نییە كە بنكەكە ئەمریكییە، بەڵكو لە بنكەكەدا سەربازانی ئیسپانی و پۆڵەندی و قەتەڕی و چەند وڵاتێكی دیكەشی تیدایە.