بەرەی تورکمانی: بڕیاری دابینکردنی دوو کورسی بۆ تورکمان مایەی گاڵتەجارییە
  • TEBA KURDİ
  • Uncategorized
  • بەرەی تورکمانی: بڕیاری دابینکردنی دوو کورسی بۆ تورکمان مایەی گاڵتەجارییە

بەرەی تورکمانی: بڕیاری دابینکردنی دوو کورسی بۆ تورکمان مایەی گاڵتەجارییە

ئایار 21, 2024 13:50
بەرەی تورکمانی: بڕیاری دابینکردنی دوو کورسی بۆ تورکمان مایەی گاڵتەجارییە
0

لایک

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ بڕیاریدا لە چوارچێوەی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن، لەبەرامبەر ئەم بڕیارە بەرەی تورکمانی عێراقی رایگەیاند، بڕیاری دابینکردنی دوو کورسی بۆ تورکمان مایەی گاڵتەجارییە، مافی پێکهاتەی تورکمان دوو کورسی نییە بەڵکو شایستەی کورسی زیاترە.

ئەمیر عیزەت، بەرپرسی لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراقی بەتەبای راگەیاند، “بەداخەوە ئێمە نەماندەویست بابەتی کۆتا بگاتە ئەم قۆناغە، بەرەی تورکمانی ویستی ئەوە بوو کورسی کۆتا وەک خۆی بمێنێت، بەڵام بەمیکانیزمێکی جیاواز هەڵبژێردرێت، بەداخەوە بەهۆی ناکۆکی هەردوو حیزبی دەسەڵات و بەکارهێنان کۆتا بۆ بەرژەوەندی خۆیان کورسی کۆتا گەیشتە ئەم قۆناغە”.

ئەمیر عیزەت وتیشی، “بڕیاری دابینکردنی دوو کورسی بۆ تورکمان مایەی گاڵتەجارییە، مافی پێکهاتەی تورکمان دوو کورسی نییە بەڵکو شایستەی کورسی زیاترە، بەڕای من تورکمانەکان ئەم بڕیارە و کورسی کۆتا رەتبکەنەوە و بەبێ کورسی کۆتا بەشداری هەڵبژاردن بکەن باشترە، چونکە پێکهاتەی تورکمان لەهەرێم بەبێ بوونی کۆتا دەتوانن دوو کورسی بەدەستبهێنن”.

لەبارەی هەڵوێستی بەرەی تورکمانی و لایەنە تورکمانییەکانی دیکە لەسەر بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان ئەمیر عیزەت رایگەیاند، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین بزانین لایەنەکانی تورکمان لەرۆژانی داهاتوودا چی بڕیارێک دەدەن و ئێمەش بەدڵنیاییەوە وەکو بەرەی تورکمانی هەڵوێستی خۆمان دەبێت.   

ئەمە لەکاتێکدایە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە چوارچێوەی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

En az 10 karakter gerekli