مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی هێرشەکانی سەر هەولێری کرد و گوتی، “بێ هۆکارن و نابێت بێ وەڵام بمێننەوە.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتی: “بۆ ئەوەی بتوانین بەڕێگەی کۆمپانیاکان و ئەو بەڕێزانەی کە بەشدارییان لە ماڵی کوردستان کردووە، بۆ یەکەمجار کە بتوانین پەرە بە ئابووری کوردستان بدەین و پەیوەندییە بازرگانییەکانی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان فراوانتر بکەین، ئەو بەرنامانەی کە دانرابوون بۆ ئەم چەند رۆژە بەمشێوەیە رێکخرابوون، هیوادارم بتوانین لەسەر بەرنامەکانی خۆمان بەردەوام بین، بەڵام دوێنێ شەو لە هێرشێکی بێ پاساو و نامەردانە هەولێر دیسان کرایەوە بە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی تر لە خێرانی و هاووڵاتییانی دیکە بوونە قوربانی و هەندێکی دیکە برینداربوون، هیوادارم جێی شەهیدەوکان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە”.
مەسرور بارزانی، راشیگەیاند: “ئەم هێرش و دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هیچ هۆکارێکی نییە و بێ پاساوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندابووە کردوومانە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و بەشێوەیەکی ئاشتیانەش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرەپێبدەین”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: “بەداخەوە ئەو هێرشانە زۆر بەبێ هۆکارن و نابێ هیچ جۆڕێک بێ وەڵام بمێننەوە، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین”.
دەقی وتەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر:
بەداخەوە شەوی رابردوو لە هێرشێکی بێ پاساو و نامەردانە دیسان هەولێر کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە.
ئەم هێرشە و دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و، بەبێ پاساوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرەپێبدەین؛ بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە کە زۆر زۆر بێ هۆکارن و نابێت بەهیچ جۆرێک بێ وەڵام بمێننەوە.
ئێمە دەزانین وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندرواێکیان بڵاوکردووەتەوە کە جێگەی دەستخۆشییە و، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەروەها یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوان و بێ دەسەڵاتی کوردستان بهێندرێن و، رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین.
ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە. ئەو هێرشەی شەوی رابردوو کرایە سەر شاری هەولێر بێ پاساو و بنەمایە. ئێمە پێویستیمان بە هەماهەنگی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنینەوە.
ئێمە ئەمڕۆ هەندێک دیدار و کۆبوونەوەمان هەیە. بێگومان ئەم پرسە باس دەکرێت و چاوەڕێ دەکەین تاوەکو دیدارەکان ئەنجام دەدەین؛ دواتر بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان دەبێت لەسەر ئەوەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە چۆن دەبێت.
حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە. لیژنەکە لە هەولێرە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات. چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین.
ئەوەی ئێمە تووشی سەرسووڕمانمان دەکات ئێمە بەشێک نین لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؛ بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر و، خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج؟
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندین جار لەلایەن ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئێمە نازانین هۆکاری پشت ئەم هێرشانە چین. هەرێمی کوردستان شوێنێکە خزمەتی ئاشتی دەکات و چاومان لەوەیە هەرێمەکەمان بەرەوە پێشەوە ببەین. هیوادارین حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە بکەن.
هیوادارین هەڵوێستی حکومەتی عێراق تەنها بە سەرکۆنەکردن کۆتایی نەهێت و، هەڵوێستی جیددی وەربگیرێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەم جۆرە هێرشانە نەکرێنە سەر خاک و سەروەری عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان.
ئەوانەی کراونەتە ئامانج، بەهیچ جۆرێک تێکەڵاوی هیچ کارێکی سیاسی یان سەربازی نەبوون. تەنها کاسب و بازرگانی سەرکەوتووبوون کە توانیویانە زیاتر خزمەتی خەڵک و وڵاتی خۆیان بکەن. ئێمە بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ئەم جۆرە هێرشانە دەکەین. بەتایبەت کە دژ بە خەڵکی سڤیل دەکرێت. دەبێت لەو لایەنانە بپرسن کە بۆ خەڵکی سڤیلی بێ دەسەڵاتی بێ تاوان دەکەنە ئامانج نەک لە من.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
3
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت