محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق رایگەیاند کە پاڵپشتی لە پەرەپێدان بە بوارە ئابووریی و بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی ھەردوو وڵات بکات، تاوتوێکراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، ھەروەھا باس لە بەستنی کۆڕبەندی کاری ئابووریی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات لە بەسرە کراوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەشداریکردنی تورکیا لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دراوسێدا خراوەتە بەرباس، ھەروەھا بیروڕا لەبارەی دۆسیەی ئاوی ھاوبەش و پلانی دامەزراندنی سەنتەرێکی پێوانەکردنی ھاوبەش لەسەر سنووری عێراق و تورکیا ئاڵوگۆڕکراوە.
لای خۆیەوە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لە پاڵپشتیکردن بە لایەنی ئابووریی و بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات و پەرەپێدان بە ئاستی ھاوبەش و پەیوەندییەکانی ئابووریی و وەبەرھێنان، بە گرنگی زانیووە لیژنە ھاوبەشەکان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی دراوسێ، کاراتر بکرێن.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت