د. کاروان شکور: ڕەنگە کێشەی پێداگۆژی لەو منداڵانەدا ڕووبدات کە بە زمانی دایک پەروەردە وەرناگرن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • د. کاروان شکور: ڕەنگە کێشەی پێداگۆژی لەو منداڵانەدا ڕووبدات کە بە زمانی دایک پەروەردە وەرناگرن

د. کاروان شکور: ڕەنگە کێشەی پێداگۆژی لەو منداڵانەدا ڕووبدات کە بە زمانی دایک پەروەردە وەرناگرن

لە کاتێکدا هێشتا کێشەکانی قوتابخانە تورکمانییەکان لە هەولێر بەردەوامن، تورکمان چاوەڕێ دەکەن هەنگاوی نوێ بنرێت و کوالێتی خوێندن بەرز بکرێتەوە.

ئه‌یلول 10, 2023 12:59
د. کاروان شکور: ڕەنگە کێشەی پێداگۆژی لەو منداڵانەدا ڕووبدات کە بە زمانی دایک پەروەردە وەرناگرن
0

لایک

هەرچەندە پەروەردە بە زمانی دایک بنەڕەتیترین مافی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام کوالێتی خوێندن کاریگەری لەسەر داهاتووی منداڵان هەیە. چونکە پەروەردە بە زمانی دایک وا دەکات قوتابی زیاتر سەرکەوتوو بێت لە فێربوون و تێگەیشتن و شیکردنەوە و دەربڕینی خۆیدا.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق جگە لەوەی کە کوردی زمانی فەرمیی پەروەردەیە، پەروەردە بە زمانەکانی تورکمانی و سریانیش هەن. کوالێتی خوێندن، پرۆگرام و کێشەی مامۆستا کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی قوتابی دروستکردووە.

د. کاروان شوکور، مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین بەشی زمان و ئەدەبی تورکی لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە دا، ئەو منداڵانەی بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە وەرناگرن، ڕەنگە تووشی کێشەی پێداگۆژی ببن.

وتیشی “ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایک پەروەردە وەرناگرن، ڕەنگە کێشە و سەختییان بۆ دروستبێت کە دەبێت هەم فێری وانەکان بن هەمیش فێری زمانەکە بن. جگە لەوەش منداڵ ناتوانێت بە ئاسوودەیی خۆی دەرببڕێت و ئەگەر نەتوانێت خۆی دەرببڕێت ئەوە لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون ڕوودەدات”.

وەکو رۆژنامەی تەبا، لەبارەی گرنگی وەرگرتنی پەروەردە بە زمانی دایک، کاریگەری لەسەر داهاتووی منداڵ و کێشەکانی قوتابخانە تورکمانییەکان چاوپێکەوتنمان لەگەڵ د. کاروان شکور، مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین بەشی زمان و ئەدەبیاتی تورکی ئەنجامدا.

پەروەردە بە زمانی دایک چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی پەروەردەیی منداڵ دەبێت؟

وەک دەزانرێت زمانی دایک لەم دواییانەدا لە جیهاندا گرنگییەکی زۆری هەیە. بەو پێیەی ئەمە هەندێک دەرئەنجامی گرنگی هەیە، لە کۆی ١٩٤ وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٠٣ وڵات جگە لە زمانی فەرمی خۆیان زمانی فەرمی دیکەیان هەیە. کەواتە زیاتر لە زمانێکی فەرمی هەیە. بۆ نموونە سویسرا زیاتر لە زمانێکی فەرمی هەیە. لەبارەی پەروەردە بە زمانی دایکیش، لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە. لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکان دەریانخستووە کە ئەگەر مرۆڤ بە زمانی دایک پەروەردە وەبگرێت ئەوا زیاتر کارامە و بەرهەمدار دەبێت.

“منداڵان ناچار دەبن لە یەک کاتدا دوو شت فێربن”

لە کاتی نەبوونی پەروەردە بە زمانی دایک چەندین کێشەی پێداگۆژی دروست دەبێت. ئەو منداڵانەی کە خوێندن بە زمانی دایک وەرناگرن، کاتێک دەست بە خوێندن دەکەن لەوانەیە بەلایانەوە قورس بێت هەم فێری وانەکان بن هەمیش فێری زمانەکە بن. جگە لەوەش، منداڵ ناتوانێت بە ئاسوودەیی خۆی دەرببڕێت و لە حاڵەتی نەتوانینی دەربڕینی خۆیدا، لەدەستدانی متمانەی خۆی ڕوودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی منداڵان لە پرۆسەی خوێندن بە تێپەڕبوونی کات. متمانە بەخۆبوون بۆ منداڵان زۆر گرنگە، کاتێکیش وا نەبوو، لە خوێندن دادەبڕێن. جگە لەوەش، لەوانەیە ببێتە هۆی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی وەک؛ کێشەکانی کۆمەڵایەتیبوون، فێرنەبوونی بەها کولتوورییەکان بە باشی، دابڕان لە ژینگە، هەستکردن بە نامتمانەیی، هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ ئەو قسانەی کە لەسەر ئەو دەکرێن، نەگونجان، پەراوێزخستن و دوورخستنەوە، یانیش دواکەوتن لە پرۆگرامی خوێندن.
“بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی تورکمان خاوەن دەسەڵات نییە”

جگە لە زمانی کوردی کە زمانی فەرمییە لە هەرێم، پەروەردەی تورکمانی و سریانیش هەیە، بیروڕاتان چییە لەسەر پەروەردەی تورکمانی بەتایبەتی؟ وەک کەسێکی ئەکادیمی چۆن مەنهەج و وەرگێڕانەکان هەڵدەسەنگێنیت؟

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە پەروەردە بە زمانی تورکمانی و سریانی دەستپێشخەری و مافێکی ئەوپەڕی دیموکراسییە. ئەم مافە دراوە بە تورکمان و ئاشوورییەکان و پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام زۆر گرنگە بەردەوامی هەبێت و پرۆسەکە پەیڕەو بکرێت. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە کردوومە، خوێندن بە زمانی تورکمانی و سریانی هەیە و بەڕێوبەرایەتی گشتیی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە حاڵەتی ناچاڵاکیدایە و لەڕووی دەسەڵاتەوە دەسەڵاتی نییە. کاتێک دەڵێین دەسەڵات بۆ نمونە پێویستە ڕاوێژ بە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی تورکمان بکرێت لە کاتی دانانی مامۆستایان، بەڵام بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بڕیار لەسەر ئەمە و هەندێک بابەتی گرنگ دەدات. ئەمەش بێکۆنترۆڵی دروست دەکات.

لەسەر ئەم بابەتە ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ مامۆستایەکی بەئەزموون قسەم کرد کە ساڵانێکە لە قوتابخانە تورکمانەکان وانە دەڵێتەوە. پێی وتم ‘چەند مامۆستای خراپ و سزادرا هەن، بۆمان دەنێرن.’ ئەگەر بابەتی دامەزراندن بدەنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی تورکمان، ڕێگری لەو جۆرە بارودۆخانە دەکرێت.

کەواتە دەتوانین باسی چ کەموکوڕییەکی تر بکەین؟

من ئیدیعایەکی جیاواز لە هەموو کەسێک لەسەر ئەم بابەتە دەکەم. بەڕای من هیچ کەمیی ماددی لە قوتابخانە تورکمانەکاندا نییە. منیش دەرچووی ئەوێم. لە سەردەمی ئێمەدا مامۆستایان مووچەیەکیان لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرت، جگە لەوەش، بەشی پەروەردەی سەر بە بەرەی تورکمانی عێراقی هەبوو، ئەوان پشتیوانییان دەکرد دواتر وەقفی ئیحسان دۆغرامەچی هاوکاری دەکردن، ئەمڕۆ سەنتەری پەروەردەی تورکمان هاوکاری پێشکەش دەکات. ئەم پشتگیرییانە لە هیچ قوتابخانەیەکی کوردیدا نادۆزرێتەوە، پێویستە حەقی خۆی پێ بدرێت. قوتابخانەکانمان لە ڕووی داراییەوە لە پێشەوەن. پێشتر مامۆستایان مووچەیەکیان لە دەوڵەت وەردەگرت، بەرەی تورکمانیش مووچەیەکیانی پێدەدا، هەروەها هاوکاریی دەکردن لە پێداویستییەکان، جلوبەرگەکان، کەرەستەی پەروەردەیی لە جانتاکانیانەوە بۆ کەلوپەلی نووسین و خواردن. ماوەیەک قوتابخانەکانی سەلجوق و قەرەقۆینلو بوون بە قوتابخانەیەکی نمونەیی و بەتایبەتی وەقفی ئیحسان دۆغراماچی ئەو مامۆستایانەی دەناردە قوتابخانەکان کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان لە تورکیا هەبوو بۆ ئەوەی وانە بڵێنەوە. من یەکێک بووم لەو وانەبێژانە. کاتێک سەیری قوتابخانەکان دەکەین بیناکە بۆیاخ کراوە، تاقیگەی کۆمپیوتەر و باشترین کتێبخانەیان هەبووە، ئەگەر ئێستا بوونیان نییە ئەوە کێشەی ئیدارەیە، بۆ کوێ چوون؟ ئەم بابەتانە زۆر گرنگن.

“سەرەتا پێویستە پرۆگرام و ستافێکی پەروەردەیی باش هەبێت”

جگە لە پاڵپشتی دارایی، چ تایبەتییەک پێویستن بۆ پەروەردەیەکی سەرکەوتوو؟

پێم وایە بابەتی بینای قوتابخانە، بۆیاخکردنی دیوارەکان، وەرگرتنی مێزی نوێ تەنها چیرۆکە.
سەرەتا پێویستە پرۆگرام و ستافێکی پەروەردەیی باش هەبێت. بەر لە هەموو شتێک دەبێت کار لەسەر ئەمانە بکرێت. ئەمەش یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی تورکمانی. کوالیتی ستافی پەروەردە و مامۆستایان زۆر گرنگە. بۆ نموونە؛ باوکم بەڕێوەبەری قوتابخانەی دۆغوش بوو کە یەکەم قوتابخانەی تورکمان بوو، بە یەک مووچە دوو دەوامی دەکرد، لە کاتژمێر ٨ـی بەیانی تا ٥ـی ئێوارە هەردوو گروپەکەی بەڕێوە دەبرد، هەندێکجاریش لە دوای کاتژمێر ٥ـی ئێوارە پاڵەوانێتی و چاڵاکی جۆراوجۆریان بۆ قوتابیان ڕێکدەخست. ئەو سەردەمەی باسی لێوەدەکەین قوتابخانەکە خاوەن هەزار قوتابی بووە، ئەمەش لەوە سەرچاوەی گرتووە کە کوالێتی خوێندن و مامۆستا و ستافەکەی باشبوونە.

لەگەڵ ئەوان ئاستی قوتابییانمان بەرز دەبووەوە و دایک و باوک ئەم قوتابخانەیەیان پێ باشتر بوو، چونکە دایک و باوک سەیری ڕێژەی سەرکەوتن دەکەن، ئەگەر ڕێژەی سەرکەوتنی قوتابخانەیەک بەرز بوو، دایک و باوک منداڵەکانیان دەنێرن بۆ ئەوێ. بۆ نمونە من دەرچووی قوتابخانەی عیمادەددین زەنگیم کە ساڵی ڕابردوو دەرچوویان نەبوو، بەڵام لە سەردەمی خۆماندا هەموومان توانیمان زانکۆ بەدەستبهێنین. ئێمە گروپی دووەمی دەرچووی قوتابخانەکە بووین، گروپی پێش ئێمە کە پێکهاتبوون لە ٩ قوتابی پۆلی کۆتایی ئامادەیی هەموویان توانییان زانکۆ بەدەستبهێنن کەیەکێکیان چووە کۆلێژی پزیشکی، ٢ـیان تەلارسازی، یەکێکیان یاسا، یەکێکیان ئەندازیاری کشتوکاڵی و ئەوانی دیکە بەشەکانی دیکەیان بەدەستهێنابوو. ئەمەش بەهۆی سەرکەوتوویی ستافی مامۆستایانی ئەو قۆناغە بوو.

لەو قۆناغەوە بۆ ئەم قۆناغە چی گۆڕاوە؟ هەڵە یان کەمتەرخەمییەکانی ئێستا چین؟

جگە لەوەش لە ئێستادا پرسی وەرگێڕان هەیە کە بەڕاستی پرسێکی گرنگە. هەڵە لە پرۆسەی وەرگێڕان هەیە، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە مامۆستایانەوە دەستم کەوتووە، کاتێک تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی ٩ ئەنجام دەدرا، مامۆستایەک زوو دەچوو لە ڕۆژی تاقیکردنەوەکەدا و پرسیارەکانی لە هەموو بوارەکاندا وەردەگێڕا. بۆ ئەمەش پێویستە لیژنە هەبێت و مامۆستا لە بوارە پەیوەندیدارەکەدا وەرگێڕان بکات.

“پڕۆژەی کەسانی سەرنەکەوتوو چەند سەرکەوتوو دەبێت؟”

بەکورتی ئەگەر پاڵپشتی دارایی هەبێت، پێویستە لە دەرەوەی بیناسازی یان بۆیەکردن بێت. سوپاس بۆ خوا، تیکا لەم ڕووەوە یارمەتیدەرە. تیکا پاڵپشتییەتی زۆری قوتابخانە تورکمانییەکان و بەشی زمان و ئەدەبی تورکی کرد. بەڵام پێویستە مامۆستای باش پێبگەیەنین، پێویستە میکانیزمێکی باش بۆ وەرگێڕان دابنێین. پێویستە بۆ وەرگێڕانی پرۆگرام کەسانی زانستی لە تورکیاوە بهێندرێن و میکانیزمێک دابندرێت بۆ وەرگێڕان. هەروەها پێویستە تیمێک پێکبهێنرێت و هەمان کەسانی پێشوو لە تیمەکەدا نەبن. گەورەترین کێشەمان دانانی پڕۆژەی نوێیە لەگەڵ هەمان کەسەکان. پڕۆژەی کەسانی سەرنەکەوتوو چەند سەرکەوتوو دەبێت؟ قوتابخانە شکست دەهێنێت و تۆ پڕۆژەیەکی نوێ بۆ سەرکەوتن دروست دەکەیت، بەڵام دەتەوێت لەگەڵ هەمان کەسەکان ئەمە بکەیت، ئایا شتێکی وا ڕوودەدات؟ سەرەتا تیمەکە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، دواتر دەبێت ئەنجامی نوێ بەدەست بهێنرێت. بۆچی قوتابییەکانمان ناتوانن بچنە زانکۆ چونکە هەمیشە لەگەڵ هەمان کەسەکان کاردەکەین و بەداخەوە ناتوانین هەنگاوێک زیاتر بڕۆین.

هەواڵ&فۆتۆ: ىارزان لقمان قاوەچی

En az 10 karakter gerekli