کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان “ئەپیکۆر” رایگەیاند، ساڵێکى تەواوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە و لەو ماوەیەشدا زیانى ١١ ملیار دۆلارى هەبووە.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکۆر” لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ حکومەتى عێراق لە گفتوگۆدان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم و داواشیان لە ئەمریکا کردووە فشار بخاتەسەر بەغدا بۆ ئەوەى دەست بە هەناردەى نەوتى هەرێم بکرێتەوە.
ئەپیکور راشیگەیاندووە، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت نزیكەی 11 ملیار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووە، هەرچەندە بۆری نەوتی عێراق – توركیا بەكارناهێنرێت، بەڵام عێراق رۆژانە بە بڕی 800،000 دۆلار سزا دەدرێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق – توركیا جێبەجێ بكات.
رۆژى 25ـی ئازارى 2023 و بە بڕیارى دادگاى پاریس هەناردەى نەوتى هەرێم کە 450 هەزار بەرمیلى رۆژانە بوو راگیرا، مانگى ئەیلولى 2023ـش تورکیا رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم، بەڵام تا ئێستا هەناردەى نەوت دەستى پێ نەکردووەتەوە.