ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە لە کۆبوونەوەدایە و میدیا نێوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
بەپێی میدیا نێوخۆییەکان، لەسەرفەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بەزووترین کات مووچە دابەشدەکریت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەی 17ـی ئەیلولی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار.
ئاماژە بەوەش کرابوو لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین لقی هەولێر، وەک قەرز رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند، “سەبارەت بەو 700 ملیار دینارەی کە بڕیارە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی تەممووز تەرخاندەکرێت”.