کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر(ئەربیل)، مەولود یاقوت لە میانی سەردانێکیدا بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی وێرای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی تورکیا، رایگەیاند، “بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆمان دەرکەوت دۆستمان زۆرە”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەولود یاقوت سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ھەولێر کرد و لەلایەن سەرۆکی دەزگاکە، موسا ئەحمەد پێشوازیی لێ کرا.
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، مەولود یاقوت لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ موسا ئەحمەد وەک ئاماژەیەک لەبەرامبەر ھاوکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەمەلەرزەکان لە تورکیا رایگەیاند کە دراوسێی باش لە رۆژی تەنگانەدا دەردەکەوێت و بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆمان دەرکەوت دۆستمان زۆرە.
مەولود یاقوت باسی لەوەش کرد کە قسەکانی سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لە تورکیا کاریگەر بوون و ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاسانکاریی بۆ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان بەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا بەردەوامبن.
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر ھەروەھا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد لەھەمبەر گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی و دابەشکردنی بەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەحمەد موسا رایگەیاند کە تیمەکانیان لە دابەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان بەسەر زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا بەردەوامن و رۆژانە ھاوکاری بەسەر لێقەوماوان لە پارێزگاکانی قەھرەمانمەڕەش، دیاربەکر و ئادیامان دابەش دەکەن.
ئاماژەی بەوەیشدا کە دانیشتوانی ناوچەکانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا داوا دەکەن، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەکانیاندا بمێننەوە و گوتی: “جگە لە دابەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان، ھەروەھا شوێنی مانەوە بۆ زیانلێکەوتووان دابین دەکەین”.
وتیشی: “پێمان خۆشە لە بنیاتنانەوەی ناوچەکانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا بەشداربین”.
رۆژی شەشی ئەم مانگە دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە لە پارێزگای قەھرەمانمەڕەش باشووری تورکیا روویاندا و کاریگەرییان لەسەر ١٠ پارێزگای تورکیا و پێنج پارێزگای سووریا دروست کرد.
حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم، تیمی فریاگوزاریی و گەڕان و رزگاکردنیان بۆ ئەو ناوچانەی تورکیا و سووریا نارد کە بەھۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.