ئاشکرایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی دیموگرافییەوە ناوچەیەکی ئاڵۆزە. بە تایبەتی هەر یەکە لە وڵاتانی عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا دەیان نەتەوە و ئایینی جیاواز لەخۆ دەگرێت. ئەم فرە نەتەوەیی و ئایینیە تایبەت نییە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام بەهۆکاری جیا جیا لە ناوچەکەمان زیاتر زەق دەکرێتەوە. لەڕاستیدا نامەوێ زۆر ورد ببمەوە لە هۆکاری ناکۆکی نێوان نەتەوە و ئایینەکان، چونکە بە بۆچوونی من ئێستا کاتی زەقکردنەوەی کێشەکان نییە بەڵکو کاتی کاڵکردنەوەیانە.
وەک ئاشکرایە ماوەیەکە لە تورکیا مژاری چارەسەر کردنی کێشەی تورک-کورد بووەتە رۆژەڤی تەواوی خەڵک و حزبەکان. بە تایبەتی دوای دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و پەیامی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردەستەی رێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە لێکنزیکبوونەوەیەکی تەواو لەنێوان گەلانی تورک و کورد دروست بووە. ئەوەش مایەی خۆشحاڵبوونی هەموو گەلی تورکیا و تورک و کوردەکانی دەرەوەی کۆماری تورکیایە.
گەلانی تورک و کورد هەرچەندە جار جارە بەهۆی ناکۆکی سیاسی و دەستدرێژییەکانی پەکەکە بۆ سەروەری خاکی تورکیا بە تووڕەییەوە لێک بڕوانن، بەڵام لە کۆتاییدا هەردووکیان بەدرێژایی مێژوو وەک دوو نیوەی سێوێک بوون. جوانترین بەڵگەش بۆ ئەو برایەتییە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیە. ئەگەر لە ڕووی جوگرافیەوە سەیری بکەین دەبینین لە هەرشوێنێک تورک هەبێت بێگومان کوردیشی لێیە یاخود بە پێچەوانەوە هەرشوێنێک کوردی لێبێت تورکیشی لێیە.
پێویستە لەم دەرفەتە کە بۆ ئاشتی رەخساوە هەموو بیرکردنەوە چەق بەستووەکان و دژ بەیەکەکان بشکێندرێن. من لەخۆمەوە دەست بە شکاندنی بیرکردنەوەی چەقبەستوو دەکەم. چونکە پێموایە تەنها بە رێزگرتن لە هەمووان دەتوانین بەهێزتر بین.
بۆیە ئەو هەوڵەی کە ئێستا لە تورکیا هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان بە دەرفەتێکی گرنگی دەزانم بۆ ئەوەی لە هەرێمە کوردستانی عێراقیش جێبەجێ بکرێت. هەرچەندە ئێمەی تورکمان هیچ کاتێک نەبووین بە هەڕەشە لەسەر ئەمنی قەومی هەرێمی کوردستان و ستراتیژیەتی دەسەڵاتی کوردیمان تێکنەداوە بەڵام تا رادەیەکی زۆر فەرامۆش کراوین.
بە بۆچوونی من پێویستە ئیتر نە ئێمەی تورکمان سەیری مێژوو بکەین و بڵێین بەر لە ٧٠-٨٠ ساڵ لە هەولێر تەنها بە تورکمانی قسە دەکرا، نە برایانی کورد هەوڵی گۆڕینی ئەو راستیە بدەن. چونکە چیتر چ ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم چ برایانی کورد دەتوانن مێژووی سوڵتان موزەفەرەددین گۆکبۆرو و نەوەکانی بسترنەوە. بۆیە پێویستە ئێمەش هەوڵی پێکەوەژیان بدەین.
ئەوە کارێکی نە ئەستەمە و نە زەحمەتە بتوانین لە چوارچێوەی دەستوورێکی جوان بە رێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەکان بە یەکسانی بژین. حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لە پێکەوەژیان و مافی پێکهاتەکان دەکات. هەر ئەوانیش دەتوانن ئەو گوتارانەیان لە ئەرزی واقیع جێبەجێ بکەن. چونکە لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەلماندی کە هەرگیز راستگۆ نەبووە لەو رەخنانەی کە لە بارەی تورکمانەوە ئاراستەی پارتی دەکرد. بۆیە پێموایە پارتی دەتوانێت هەرنا لە هەولێر دەرفەتی نوێنەرایەتی راستەقینە بۆ تورکمان برەخسێنێت و گرنگییەکی تەواو بە کەلتور و زمانی تورکمانی بدات.
داواکارییەکانی تورکمان زۆر سادەن و جێبەجێ کردنی ئەستەم نییە. تورکمان داوای ئەوە ناکات کە لەناو سنووری هەرێمی کوردستان هەرێمێکی تری هەبێت یاخود دەوڵەت دروست بکات. بەڵام دەکرێت پۆستی پارێزگار یاخود سەرۆک شارەوانی و قایمقام بدرێتە تورکمان. بۆ نموونە ئاساییە ئەگەر فەرمانبەرێکی بە ئەزموونی تورکمان لە وەزارەتی کارەبا پۆستی بەڕێوەبەری پێبدرێت. یاخود لە هەریەکە لە فەرمانگەکان کەسانی بە ئەزموونی تورکمان تەنها لەبەر زمانەکەیان پشتگوێ نەخرێن. دەکرێت لە کاتی دامەزراندنەکان تورکمان هاوشێوەی کورد پشکی هەبێت و گەنجانی تورکمانیش دابمەزرێن.
نووسینی تابڵۆی سەر شەقامەکان بە زمانی تورکمانی لەپاڵ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی نابێتە مەترسی لەسەر ئەمنی قەومی. یاخود ناونانی چەند شەقامێکی هەولێر بە ناوی کەسایەتییەکانی تورکمان کارێکی زۆر قوڕس نییە. تەنها بە چەند هەنگاوێکی لەم جۆرە دەکرێت بە یەکجاری کۆتایی بێنین بەو هەموو قسەیە کە رۆژانە لەبارەی مافی پێکهاتەکانەوە دەکرێت.
لە ئێستادا سیستەمی پەروەردە لەرێگەی وانەی مێژووەوە وادەکات قوتابی کورد هەموو غەیرە کوردێک لە هەرێمی کوردستان بە کورد بزانێت و مێژووی تورکمان لەناو دەبات. بەڵام کارێکی چەندە جوان دەبێت ئەگەر وانەی مێژوو لە پاڵ مێژووی کورد باس لە مێژووی تورکمان بکات و تەواوی نەوەی داهاتوو ئاشنا بکات بە تورکمان. بەمجۆرە لە داهاتوو ئەسڵەن پێویست بە هیچ کردارێک ناکات بۆ بەدیهێنانی پێکەوەژیان.
بەڵکو نەوەی داهاتوو وەکو هاووڵاتییەکی سویسڕی و ئەڵمانی رێز لە پێکەوەژیانی نەتەوەکان دەگرێت.
بێگومان ئەوەی باسی دەکەم نەک تەنها بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ قۆناغی ئاشتی تورکیاش گرنگە. پێویستە تورک و کورد لە هەرشوێنێکی ئەم جیهانە بێت بتوانێت لەپاڵ یەکەوە سیمایەکی جوان دەربخات. چونکە وەک ئەوەی باسمان کرد ئەو دوو نەتەوەیە لە رووی دیموگرافی و جوگرافیاوە بەیەکەوە بەستراون و تەنها دوو هەڵبژاردەیان هەیە. شەڕ یان ئاشتی، شەڕ براوەی نییە و ئاشتی دۆڕاوی نییە.