کونسوڵى گشتى تازەى تورکیا لە هەرێم، بەیاوەرى شاندێک سەردانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد.
راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بڵاویکردۆتەوە، بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەک کونسوڵى گشتى تازەى تورکیا لە هەرێم رۆژى سێشەممە 28/5/2024 بەڕێز ئەرمان تۆپچو کۆنسوڵی گشتی تازەى کۆماری تورکیا لە هەرێم بەیاوەرى شاندێک سەردانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد و لە لایەن سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگە پێشوازی لێکرا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دزەیی پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتیی تازەى کۆماری تورکیا لە هەرێم کرد و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست. هاوکات پاڵپشتیی تەواوی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى خستەڕوو بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکرنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە سوود و قازانجی هەردوولا.
هاوکات لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، تۆپچو خۆشحاڵى خۆى نیشاندا کە لەهەرێمى کوردستان دەستبەکاربووەو هیواى خواست بتوانن ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا بگەیەننە قۆناغێکى پێشکەتووتر.