ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەبێت حکومەتی عێراقی لە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ئەمڕۆش نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 03-01-2024 بە میدیاکانی راگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق لە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بەردەوام بێت تاوەکو کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چارەسەر دەکرێت، چونکە ناکرێت چاوەڕێ بکرێت تاوەکو یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی تائێستا دۆخەکە وەکو خۆیەتی و هەمان هۆکار ماوە کە سێ جار 700 ملیار دیناری پێ رەوانە کرا.
جەمال کۆچەر دەڵێت، “ئەمڕۆ نووسراوێکی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و داوای لێدەکات بۆ ئەم مانگە 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدان.”
شایەنی باسە تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگ (10، 11 و 12)ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی مووچەی ئەم ساڵیش تائێستا ناڕوونە.