شاندێکى هەرێم سەردانى بەغداد دەکات و کێشەى مووچە تاوتوێدەکات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • شاندێکى هەرێم سەردانى بەغداد دەکات و کێشەى مووچە تاوتوێدەکات

شاندێکى هەرێم سەردانى بەغداد دەکات و کێشەى مووچە تاوتوێدەکات

كانونی دووه‌م 31, 2024 12:15
شاندێکى هەرێم سەردانى بەغداد دەکات و کێشەى مووچە تاوتوێدەکات
0

لایک

بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەى مووچەى فەرمانبەران، شاندێکى دیکەى هەرێم بڕیارە سەردانى بەغداد بکات، ئەندامێکى لیژنەى یاسایی ئەنجومەنى نوێنەرانیش دەڵێت: کەى هەرێمى کوردستان داواکارییەکانى جێبەجێکرد، مافەکانى وەردەگرێت.

رۆژنامەى سەباح-ى حکومەتى عێراق بڵاویکردوەتەوە؛ بڕیارە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە شاندێکى دیکەى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد بکات، شاندەکە هەوڵدەدات چارەسەرێکى یەکجاریی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە حکومەتى فیدراڵى عێراق جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هەرێمى کوردستان بەندەکانى بودجە جێبەجێ بکات و تەواوى داواکارییەکانى حکومەتى فیدراڵ جێبەجێ بکات، تا راستەوخۆ پارەى پێبدرێت.

لەوبارەیەوە، محەمەد خەفاجى، ئەندامى لیژنەى یاسایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە؛ حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕگەکانى بودجە جێبەجێ ناکات و ئۆباڵى نەناردنى بەشى هەرێم دەخاتە ئەستۆى حکومەتى هەرێم.

دەشڵێت:پێشتر یاساى بودجە چارەسەرى تەواوى کێشە کەڵەکەبوەکانى کردوە، لەنێویاندا کێشەى مووچەى فەرمانبەران، دەڵێت: حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆئەوەى مافى خۆى لە بودجە وەربگرێت دەبێت داهاتەکان رادەست بکات و هەژمارى بانکیی بکاتەوە و نەوت لەڕێى کۆمپانیاى سۆمۆوە هەناردە بکات.

لەبارەى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمیشەوە وتویەتى: بەپێى ئەو لیستەى رادەستى حکومەتى فیدراڵ کراوە، 50%ـى فەرمانبەرانى هەرێم وەهمین و بونیان نییە، جەختیشى کردوەتەوە کە سەردانى شاندەکان ماناى رێککەوتن لەسەر یاساکان نییە، چونکە یاساکان چەسپاون و دەبێت جێبەجێ بکرێن.

En az 10 karakter gerekli