دروستکردنی ئامێرەکانی مۆسیقا؛ هونەرێکە جگە لەوەی پێویستی بە دیدگایەکی هونەری و جوانکارییە، پێویستی بە کاری دەستی ورد هەیە. بەدەر لە دروستکردنی پێویستی بە لێهاتووییەکی تەواو هەیە بۆ بەکارهێنانی.
شێروان عومەر كە بە شێروان نەی ناسراوە، زۆربەی ئامێرەكانی مۆسیقا دەژەنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاتر ئامێری نەی بەكارهێناوە خەڵكەكە بە شێروان نەی ناویان بردووە و بەم ناسناوە بەناوبانگ بووە.
شێروان عومەر کە کاری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئامێرەکانی مۆسیقا دەکات، سەبارەت بە پیشەکەی و ئامێرەکانی میوزیک بۆ رۆژنامەی تەبا دوا.
شێروان عومەر وتی،”ڕاستی من لە منداڵییەوە خولیای ئامێری مۆسیقا بووم و دەتوانم بڵێم لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە ئەم ئامێرانەم بەكارهێناوە و تائێستاش بەردەوامم. هەوڵم داوە كە بەردەوام پەرە بەخۆم بدەم”. شێروان نەی سەبارەت بە چاككردن و دروستكردنی ئەم ئامێرانە ئاماژە بەوە دەدات، “ئەو كات بۆ دروستكردن و چاككردنی ئامێری مۆسیقا بە هاوبەشی یونس خەتات و كوڕەكانی موخلس و عەبدولقادر كارمان دەكرت و زیاتر گرینگیمان بە ئامێری ژەنین دەدا”.
شێروان عومەر ئاماژەی بەوەش دا، “بەهۆی ئەوەی سەرجەم ئامێرەكانی مۆسیقا لە توركیاوە دێت، لە ئێستادا كاری دروستكردنی ئەم ئامێرانە ناكەین چونكە لە وڵاتانی تر بە نرخێكی هەرزانتر دێت و ئەگەر ئێمەش دروستی بكەین قازانجی نامێنێت. كاتێك ئامێری ساز هاوردە دەكرێت نرخەكەی دەگاتە ٤٠ دۆلار و نرخەكەشی زۆر گونجاوە بەڵام ئەگەر ئێمە دروستی بكەین نرخەكەی گرانتر دەبێت و خەرجی زیاتری پێویستە”.
شێروان نەی سەبارەت بە خولی فێربوونی مۆسیقا وتی، “ئێمە لە ٢٠٠٥ـەوە دەستمان بە كردنەوەی خولی فێركردنی ئامێرەكانی مۆسیقا كردووە و تا ئێساش بەردەوامین. قوتابییەكی زۆرمان هەبووە بۆیە لە ژماردن نایێن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قوتابییەكی زۆرمان پێگەیاندووە لەم بوارە و چەندین نمونەمان هەیە وەكو مەزهەر ناسح و موحسین محەممەد یاسین و دەتوانم بلێم ئەوانە ئەستێرەن و من فێرم کردن و هاوكاریان بووم و تائێستاش پاڵپشتییان دەكەم”. وتیشی،”چەندین گۆرانیبێژیشمان پێگەیاندووە لەڕووی تۆن و توخمەكانی دەنگ کە لە ئێستادا ڕۆلێكی ئەكتیڤیان هەیە لە بواری گۆرانیدا”.
سەبارەت بە كاركردنی لەگەڵ یونس خەتات ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، “زیاتر لە پێنج ساڵ پێكەوە بووین و وەكو كاری چاككردنەوەی سەرجەم ئامێرەكان لەوانەوە فێربووم، لە ڕاستیدا یونس خەتات وەكو قوتابخانەیەک بوو بۆ ئێمە، نەک تەنها ئەمن بەڵكو لە هەموو هەولێر (ئەربیل) تەنها ئەوان كاریان دەكرت بۆیە بنەماڵەی یونس خەتات لەم بوارەدا كاری زۆر جوانیان پێشكەش كرد بەڵام زۆر كەم باس كران. هەرچەندیش زۆر خەمبار بووم كە وازیان لەم كارە هێنا بەڵام مافی خۆیان بوو چونكە زیاتر بە دارتاشی ناسراو بوون”.
شێروان عومەر باسی خولی فێركردن دەكات و دەڵێت، “لەئێستادا ١٠ قوتابیم هەیە لە هەردوو رەگەز. قوتابیەكەم هەیە تەمەنی هەشت ساڵە و قوتابی لە نەتەوەی جیاوازم هەیە وەكو عەرەب و كوردی توركیا و سوریا و لەئێستادا لە قۆناغی راهێناندان و قوتابییەكانمان بە گشتی گرنگی بە ئامێری ساز دەدەن کە ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستین و بەشێك لە قوتابییە عەرەبەكان زیاتر مەیل بۆ ئامێری عود دەبەن”.
شێروان نەی لە كۆتاییدا باسی هاوكاریكردنی فێرخوازان دەكات دەڵێت،”ئاسانكاری بۆ بەشداربووان و فێرخوازانمان كردووە لەڕووی ماددی و معنوی. هەندێک جار ئامێری خۆمان بە كاتی داوەتە فێرخوازان تا بتوانێت راهێنان بکات و هەندێك جار پارەی بەشداریكردن لە خولەكە وەكو قیست وەرمانگرتووە”.
هەواڵ: زهور خەتات-عەبدوڵڵا میران