رەوتی هەڵوێست: له‌گه‌ڵ سوودانی وردەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانمان باسکرد

رەوتی هەڵوێست: له‌گه‌ڵ سوودانی وردەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانمان باسکرد

تشرینی دووه‌م 14, 2024 09:00
رەوتی هەڵوێست: له‌گه‌ڵ سوودانی وردەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانمان باسکرد
0

لایک

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

جیا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سلێمانی لەگەڵ رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: ”وردەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانمان باسکرد کە چی روویداوە.”

20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەچوو کە ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەکە و لە نێویاندا رەوتی هەڵوێست، گلەیی و ناڕەزاییان لەسەر ئەنجامەکان هەبوو و تانەیان لە ئەنجامەکەی دا.

عەلی حەمە ساڵح وتی: ”گرنگە تێبینییەکانی ئێمە لەبەر چاوبگیرێن و ئەوانیش عێراق بەدواداچوونی بۆ بکەن، بەتایبەتی کە هەڵبژاردنی عێراق نزیکە، بەردەوامبوونی ئەم بابەتانە ساختەکاری کۆتایی بە متمانەی هەڵبژاردن دەهێنێت.”

بەشێک لە کۆبوونەوەکەی سوودانی و رەوتی هەوڵێستی نیشتمانی تایبەت بوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەجێکردن و پڕۆژەی هەژماری من. بە وتەی سەرۆکی رەوتەکە، ”سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە، سەبارەت بە بەجێکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ، لەگەڵ بڕیاری دادگەی فیدراڵییە.'”

پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، جیاوازیی باج و رسوومات، نرخی کارەبا و بەنزین لە نێوان هەرێم و عێراق، بەشێکی دیکە لە نێوەرۆکی کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی و رەوتی هەڵویستی نیشتمانی بوون.

14 رۆژ لە مانگی تشرینی دووەم تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردراوە. عەلی حەمە ساڵح وتی: ”بە وردی پرسیاری مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ـمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و زۆر بە روونی وتی، لە دۆخی هه‌رێم تێگەیشتووین، دەزانین دۆخی خەڵک خراپە، نامانەوێت فەرمانبەران ببنە قوربانی، بەڵام ئەمە چارەسەری یاسایی پێویستە.”

بە وتەی سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، سوودانی وتوویەتی: ”من دەڕۆمەوە و هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە دەبێت کە ئەوەندەی بتوانم و یاسا رێگە بدات، مووچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم نەکرێنە قوربانی.”

En az 10 karakter gerekli