رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت، کەرکووک-ی نیشتیمانی تورکمانەکان بووەتە جوگرافیایەک کە کولتوورە جیاوازەکان بە ئارامی تێیدا دەژین و رێگا نادەن یەکپارچەیی شارەکە تێکبچێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی دووایین گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەرکووک بە میدیاکانی راگەیاندووە، “کەرکووک-ی نیشتیمانی تورکمانەکان، بووەتە جوگرافیایەک کە سەدان ساڵە کولتوورە جیاوازەکان بە ئاشتییانە تێیدا دەژین و، رێگە نادەین ئارامی و یەکپارچەیی کەرکووک تێکبچێت”.
ئەردۆغان راشیگەیاندووە، “بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی پێویستە ناوچەکە دوور بخرێتەوە لەو چالاکییانەی کە قەوارەی کەرکوک تێکدەدەن. بە پێچەوانەوە هەر کارێک دژی ئەمە ئەنجام بدرێت بە مانای تێکچوونی یەکپارچەیی عێراق دێت”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان وتیشی، “بە هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵنی سەرۆکی میت-م وتووە لە نزیکەوە تاوتوێی دۆخی کەرکووک بکەن و پەیوەندییان بە ماڵباتی بارزانی و سوودانییەوە کردووە. دوێنێ لە دوای لێدوانەکانی هاکان فیدان لە ئێران، رەوشەکە ئارام دەردەکەوێت”.