وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزیری دەرەوە داوایکرد لەگەڵ نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراق لە شاری جدەی سعودیە قسە بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەبارەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆزەوە رێکبخات، هەروەها یاداشتنامەیەکی لەبارەی پێشهاتەکانی سووکایەتیکردن بە قورئان بۆ کۆمکاری عەرەبی نارد.
شەوی پێنجشەممە، 20-7-2023، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نوێترین پێشهاتەکانی رێکارەکانی وڵاتەکەی دژ بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە وڵاتی سوید راگەیاند و ئاشکرایکرد “فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق داوایکردووە لەگەڵ نوێنەرایەتی عێراق لە شاری جددە بکرێت بۆ ئەوەی باسی داواکەی عێراق لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بکرێت کە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کردبوو تایبەت بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز.”
دەشڵێت، “فوئاد حوسێن یاداشتنامەیەکی بۆ کۆمکاری عەرەبی لەبارەی پێشهاتەکانی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز ناردووە.”
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی رووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەچوارچێوەی رێزگرتن لە ئایینە ئاسمانییەکان دێت و وەزارەتی دەرەوە بەپەلە رێوشوێنەکانی گرتووەتەوەبەر بۆ رووبەڕووبونەوەی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا.”
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی وتووە کە پابەندوونیان نیشانداوە بۆ دەرخستنی بەرگریکردنیان لە پیرۆزییەکان بەشێوەی کردەیی.
سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوید لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوید، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، پێش کارەکەی سەلوان مۆمیکا، سەدان خۆپێشاندەری نزیک لە رەوتی سەدری چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد و سووتاندیان، دواتر حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەکرد عێراق بەجێبهێڵیت و هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە سوید کشاندەوە.
دوای ئەوە، ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد لەلایەن خۆپێشاندەرە عێراقییەکان دەربڕی و هێزە عێراقییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە هیچ هەوڵێکیان نەداوە رێگە لە خۆپێشاندەران بگرن و وتی: “ئازادی گردبوونەوەی ئاشتییانە هێمایەکی تایبەتە بە دیموکراسی، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو روویدا کردەیەکی پێشێلکارانە بوو؛ جێگەی قبووڵ نییە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان لە خۆپێشاندەران نەگرتووە لەوەی بۆ دووەم جار بچنە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوید و زیانی پێبگەیێنن.”