هاکان فیدان: وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق دەکات
  • TEBA KURDİ
  • Uncategorized
  • هاکان فیدان: وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق دەکات

هاکان فیدان: وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق دەکات

ئاب 23, 2023 17:43
هاکان فیدان: وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق دەکات
0

لایک

لەتیف رەشید و هاکان فیدان کۆبوونەوە؛ چاوەڕێدەکرێت هەفتەی داهاتوو وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق بکات. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سوورە لەسەر سەردانیکردنی بەغداد و سەرۆککۆماری عێراقیش خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکە دەردەبڕێت.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکردووە و جەختیان لە گرنگی کارکردن بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانیان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، ژینگەیی و دۆسێی ئاو و وزەدا کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و تورکیا بکات.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆککۆماری عێراقی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق بکات و سەرۆککۆماریش هیوای خواستووە کە سەردانەکەی ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆککۆماری گوتووە، “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سوورە لەسەر سەردانیکردنی عێراق، بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی ئێستا جگە لەو دۆسیانەی کە لە بەرنامەی سەردانەکەدا هەیە” و لەتیف رەشیدیش لەلایەن خۆیەوە، خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغداد دەربڕیوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جەختی لەوە کردەووەتەوە، “تورکیا بە پەرۆشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئاو و حکومەتەکەی بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لە عێراق” و هیوای خواست، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان پسپۆڕانی هەردوو وڵات یارمەتیدەربێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری یەکلاکەرەوە و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری .

هاوکات سەرۆککۆماری عێراق جەختی “لە گرنگی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات کردەوە لەسەر بەدەستهێنانی بەشێکی دادپەروەرانە و پێویست لە ئاو کە پێویستیەکانی گەلەکەمان دابین بکات” و، ئاماژەی بەوەش کرد “عێراق بە قەیرانێکی سەختی ئاودا تێدەپەڕێت و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی گشتی عێراقییەکان کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و سەرچاوەکانیان.”

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغداد، لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ کرا و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.

En az 10 karakter gerekli