دوای ئەوەی نزیکەی ١٢ ساڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی تورکمانی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرا، سەباح بەننا وەکو بەڕێوەبەری گشتی دەستبەکاربوو.
“پڕۆگرامی خوێندن بە تەواوی پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت”
بەننا، لەبارەی پرۆژە و کارەکانی و ئامانجەکانی بۆ رۆژنامەی تەبا دوا.
سەباح بەننا، لەبارەی پرۆژەکانی رایگەیاند، “لە ١٣ـی تەمموز بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەکاربووم. پرۆژەیەکمان هەیە بۆ پەروەردەی تورکمانی کە ٣ سەرەبابەتی پرۆژەکە لە کاری هەرە پێشینەکانماندایە. بەر لە هەموو شتێک پرۆگرامی خوێندن لە پۆلی یەکی سەرەتایی تاوەکو ١٢ـی ئامادەیی پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت بەوەی؛ ئەوانەی وەرنەگێڕدراون، وەردەگێڕدرێن، ئەوانەی وەرگێردراون هەڵە رێزمانییەکانی چاک دەکرێنەوە، ئەوانی هەڵەکانیان چاککراوەتەوە و هەڵەیان تێدایە دووبارە چاکدەکرێنەوە. لە ئێستادا ئەو کتێبانەی بەردەستن بۆ ئەوەی بگات بە وەرزی نوێی خوێندن بۆ چاپ نێردراون. پێداچوونەوەی تەواوی کتێبەکان کارێکە کاتێکی زۆری پێویستە.”
بەننا جەختی لەوە کردەوە بۆ پێداچوونەوەی کتێبەکان ٢ لیژنە پێکدەهێندرێت و وتیشی، “یەکێکیان لیژنەی وەرگێران دەبێت و ئەوی تریان لیژنەی پێداچوونەوەی هەڵەکان دەبێت. کاری وەرگێڕی بەپێی پسپۆڕیی دەکرێت و لیژنەکەی دیکەش بە هەڵە زمانەوانییەکان دادەچێتەوە. کارمان قوڕسە بەڵام دەبێت بیکەین. ئامانجمان ئەوەیە کە لەماوەی ٦ مانگ کارەکانمان تەواو بکەین بەڵام ئەگەر ساڵێکیش بخایەنێت هەر باشە”.
“ئەگەر جەنابی وەزیر پشتگیریمان بکات چارەسەر ئاسانە”
بەننا هەروەها باس لە ناونیشانی جوگرافی قوتابخانەکان دەکات و دەڵێت، “سەرەبابەتێکی دیکەی پرۆژەکەمان، بابەتی دابەشبوونی جوگرافی قوتابخانەکانە. بابەتێکە چارەسەری زەحمەتە بەڵام ئەگەر جەنابی وەزیر پشتگیریمان بکات چارەسەر ئاسانە. سەبارەت بەم بابەتەش پرۆژەمان ئامادەیە؛ کامە قوتابخانە دەمێنێتەوە، کامەی دەگوازرێتەوە، کامە گەڕەک تورکمان نشینی زۆرە، هەموو ئەمانە لە پرۆژەکەدا نووسراوە. ئەگەر ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت ژمارەی قوتابییانیش لە قوتابخانە تورکمانییەکان زیاد دەکات”.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی تورکمانی هەر لەبارەی پرۆژەکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی، “سێیەم سەرەبابەتیش، کاروچالاکییە بۆ مامۆستاکان. خولی گەشەپێدان بۆ مامۆستاکان دەکەینەوە. هەروەها لیستی ئەو مامۆستایە تورکمانانەی کە لە قوتابخانە کوردییەکان و دەورووبەری هەولێر کاردەکەن، دەرمانهێناوە و هەوڵ دەدەین بیانگوازینەوە بۆ قوتابخانە تورکمانییەکان. ئەوانەی باسمانکرد و زیاتریش وا دەکات ئاستی پەروەردەیی قوتابخانە تورکمانەکان بەرزتر بێت”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، قوتابخانە تورکمانییەکان لەڕووی بینا کێشەیان نییە و ساڵی رابڕدوو زۆربەی قوتابخانەکان کاری نۆژەنکردنەوەیان تیادا ئەنجامدراوە و ئەمساڵیش ئەو چەند قوتابخانەیەی کە ماون نۆژەن دەکرێنەوە.
بەننا، لەبارەی ژمارەی دەرچووانیش لە قوتابخانەکان رایگەیاند، “ژمارەی دەرچووان بە دڵی ئێمە نییە بەڵام بەگوێرەی ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکاری لە ژمارەکە هەیە. ساڵی ڕابردوو ٢ دەرچوومان هەبوو بەڵام ئەم ساڵ زیادی کرد.
پرۆژەیەکم هەیە بۆ ئەم بابەتە و دەتوانین چارەسەری بکەین. لەمە بەدوا خۆم قوتابخانەکان بەسەردەکەمەوە، ئاستی مامۆستایەکان هەڵدەسەنگێنین و ئەگەر وەک پێویست نەبوو دەیگۆڕین. خولی نوێ بۆ قوتابییەکان دەکەینەوە سەرەڕای ئەوە لەم بابەتە ئەوەی توانیومانە کردوومانە؛ هەموو ساڵێک بەرەی تورکمانی، وەقف و ناوەندی پەروەردەیی تورکمان مەلزەمەیان بەخۆڕایی بۆ قوتابییان دابینکردووە و خولیان بۆ کردوونەتەوە. ئەوەی لە تواناماندابێت بۆ ئەم مەبەستە دەیکەین. سەرپەرشتیارەکانمان و بەندە هەموو رۆژێک قوتابخانەکان بەسەردەکەینەوە، لایەنە کەمتەرخەمەکان دیاری دەکەین و ئەو قوتابییانەی کە سەرەڕای هەموو دەرفەتەکان هەوڵنادەن بۆ دەرچوون، بەڕێدەکەین”.
“خۆمان مامۆستایەکانی خۆمان هەڵدەبژێرین”
ئەو مامۆستایە بە ئەزموونە گشت کێشە و ئاستەنگەکانی پەروەردەی تورکمانی بە دیدگای خۆی هەڵسەنگاند و وتی، “یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، کێشە ئیدارییەکانە. بۆ نمونە؛ پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی تورکمانی توانای ئەوەی نەبوو مامۆستا دیاری بکات، ئێمە ئەو دەسەڵاتەمان دەوێت. بۆ نمونە؛ لەوانەیە داوای ئەوە بکەین مامۆستایەک وانە بڵێتەوە کە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و بە شایستە زاندراوە. یانیش رەنگە داوای ئەو مامۆستا تورکمانانە بکەین کە لە شارۆچکەکانی دەورووبەری هەولێر کاردەکەن، بگوازرێنەوە قوتابخانە تورکمانییەکان، وە دەبێت ئێمە لەم بابەتە قسەمان هەبێت چونکە خۆمان دەزانین قوتابخانەکانمان پێویستییان بە چییە. پێشتر ئەم دەسەڵاتە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی تورکمانی نەبوو بەڵام لە ماوەی کارکردنم بۆ ئەنجامدانی ئەمانە کاردەکەم”.
سەباح بەننا، باسی لەوە کرد، کێشەی قوتابخانە تورکمانییەکان لە ئامادەیی دەستپێدەکات و رایگەیاند، “لە قوتابخانەی سەرەتایی تاوەکو ٩ـی ناوەندی کێشە لە قوتابخانەکانمان نییە. دەبێت بزانین کاتێک کە دەگەینە ئامادەیی چ شتێک گۆڕانکاری بەسەردادێت، چ کێشەیەک دروستدەبێت و کەمتەرخەمییەکان چین و لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانمان هەموو ئەمانە دیاری دەکەین و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین. لەو خاڵانەی کە چارەسەر نادۆزرێتەوە گۆڕانکاری ئیداریی دەکەین”.
“ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێنەکران دەستلەکاردەکێشمەوە”
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی تورکمانی ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ وەزیری پەروەردە کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و ئەو بابەتانەی باسی لێوەکردووە و زیاتریشی بۆ دەخاتەڕوو. وتیشی، “ئاگادارتان دەکەمەوە لە پێشهاتەکان. ئەگەر وتم شتێک دەکەم کەواتە دەیکەم. لەو شوێنەی کە نەمتوانی بیکەم هۆکارەکان و ئەو لایەنانەی ئاستەنگییان دروستکردووە رادەگەیەنم. من منەتم بە کورسی نییە، ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێنەکران دوای ٣ جار هەوڵدان لە جاری چوارەم نامەی دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش دەکەم. ئەوکات بۆمن زۆر شەرەفێکی گەورە دەبێت ببمەوە بەڕێوەبەر لە قوتابخانەیەکی تورکمانی”.
“بابەتی وەرگێڕانی پرسیار چارەسەردەبێت”
بەننا، لەبارەی وەرگێڕانی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانیی پۆلی ٩ رایگەیاند، “سەبارەت بە وەرگێڕانی پرسیارەکان، لە تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی ١٢ پرسیارەکان لەلایەن مامۆستای پسپۆڕی بابەتەکەوە وەردەگێڕدرێن، بەڵام لە تاقیکردنەوە نیشتیمانییەکانی پۆلی ٩ـی بنەڕەتی کەسێک وەرگێڕانی بۆ پرسیاری هەموو وانەکان دەکرد و کێشەیەکی وەهامان هەبوو. دەستێوەردانمان لەو بابەتە کرد و پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان کرد. لە میانی کۆبوونەوەمان لەگەڵی لە ئەلف تا یا (ی) هەموو بابەتەکان تاوتوێ دەکەین. بەم شێوەیە مامۆستای پەیوەندیدار وەرگێڕانەکە دەکات و دواتر هەڵە زمانەوانییەکان چاک دەکرێنەوە.
ئێمە لەکاتی وەرگێڕانی پرسیارەکان پێویستمان بە ٢ کەس دەبێت. یەکێک کاری وەرگێڕان دەکات و ئەوەی دیکە بەهەڵە زمانەوانییەکان دادەچێتەوە و کاری تایپینگی بۆ دەکات. بەداخەوە هەندێک لە مامۆستا و بەڕێوەبەرەکان پارەکەیان پێ کەمە و نایەنەوێت ئەم کارە بکەن کە دەبێت بیر لە قوتابییەکانیان بکەنەوە و کارەکە ئەنجام بدەن. ئێمە کێشەی دەستەواژەشمان هەبوو. بۆ نمونە؛ بۆ وشەی ‘هێز’ لە کوردی مامۆستایەکان وشەی ‘kuvvet’ـیان بەکاردەهێنا لەناوپۆل بەڵام وەرگێڕەکە وشەی ‘güç’ـی بەکاردەهێنا. سەبارەت بەمە لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانە کۆبووینەوە و فەهرەستێکمان ئامادەکرد کە وەرگێڕ چ دەستەواژەیەک بەکاربهێنێت لە کاتی وەرگێڕاندا. ئەم بابەتەشمان بەم شێوەیە چارەسەرکرد”.
سەباح بەننا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی تورکمانی لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد، کێشەکانی قوتابخانە تورکمانییەکان قابیلی چارەسەرکردنن و لەماوەی ٦ مانگ بۆ ساڵێک کێشەکان چارەسەر دەکەن.
هەواڵ: بارزان لقمان قاوەچی