وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چوار ئامێری ئاگرلە هۆڵی ئاهەنگەکەی حەمدانییە هەبوون و بۆ هەڵکردنی یاریی ئاگرین بەکارهاتوون، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش ئەوە هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکە بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە رووداوکەی حەمدانیە ئاشکرا کرد.
وەزارەتەکە رایگەیاند لیژنەی لێکۆڵینەوە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی چوار ئامێری ئاگر لە هۆڵەکەدا هەبوون و بەگوتەی شاهێدحاڵان بۆ هەڵکردنی یاریی ئاگرین بەکارهاتوون. ئاماژە بەوەش درا بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئەو ئامێرانە هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکە بوون.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان راگەیەندرا کە 107 کەس لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا و 82 برینداریش هەن. ئاشکراش کرا، دوای ئاگرەکە، 600 کەس لەنێو هۆڵەکە رزگار کراون و 21 ئۆتۆمبێل بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا کردووە.