وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، لەپێناو پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەنجومەنی وەزاری ئابووری عێراق بڕیاریداوە بە داخستنی سەرجەم مەرز و دەروازەکان بەڕوی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لەدەرەوەی عێراقەوە.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ پاڵپشتی جوتیاران و بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم، ئەنجومەنی وەزاری ئابووری عێراق بڕیاریداوە بە داخستنی سەرجەم مەرز و دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لەدەرەوە بۆ ناو سنوورەکانی عێراق.
دەشڵێت: بڕیارەکە هەنگاوێکی گرنگە، بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێم.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا هاتووە، لە ئێستادا بەرهەمی جوتیارانی ناوچەی پێنجوێن، سیدەکان، دەشتەکانی هەولێر و دهۆک، پێگەیشتوە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەبووە، لەدوای بڕیاری قەدەغەی هاوردەی تەماتە لە دەرەوەی عێراق، کێشەکانیان چارەسەردەبێت و بەرهەمەکانی هەرێم دەچێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق.