ئەمڕۆ 24ـی تەممووزی 2023، پێشەوا هەورامانی لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا رایگەیاند، تائێستا بەغدا بە فەرمی نەیگوتووە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت”.
وتیشی، “ئەگەر بەرپرسانی عێراق هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە بەشێک لە عێراق دەزانن، دەبێت چۆن مووچەی هاووڵاتییەک لە عێراق دەدرێت، بەو شێوەیەش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.”
پێشەوا هەورامانی راشیگەیاند، “پێشتر حکومەت لەم بابەتە بە تاوانبار دادەنرا بەوەی کە هەنگاو نانێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات و دۆسیەی نەوت وایکردووە عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان نەدات. ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی بەرامبەر حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە و یەک داواکاریش نەماوە کە جێبەجێ نەکرێت، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین حکومەتی عێراق مافی خەڵکی کوردستان بدات کە مافی دەستووری و یاسایی خۆیانە.”
وتەبێژی حکومەت وتیشی “ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە، کە تاوەکو ئێستاش سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندە پێوەی و چاوەڕێدەکەین لەم چەند رۆژەی داهاتوودا پرسی مووچەی فەرمانبەران یەکلا ببێتەوە.”