سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کێشەی راگرتنی هاوردەی غازی ئێرانیان چارەسەر کردووە و بەپێی رێککەوتنێک عێراق نەوت دەداتە ئێران و کۆماری ئیسلامیش لە بەرامبەردا غاز بۆ عێراق دەنێرێت و وتیشی، “غازی کێلگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنین”.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، چارەسەری کێشەی هاوردەی غازی ئێرانیان کردووە و لە رۆژی رابردوو شاندێکی عێراق سەردانی ئێرانی کردووە و لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، دوای چەندین کۆبوونەوە بڕیاریدرا نەوتی خاوی عێراق هەناردەی ئێران بکرێت و لە بەرامبەردا ئێران غاز هەناردەی عێراق دەکات و ئەم ریککەوتنەش بڕە پارەیەکی بەرچاو بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەرێنێتەوە.
ئەوەش خستەڕوو، هۆکاری سەرەکی راگرتنی هەناردەی غازی ئێرانی بۆ عێراق سزاکانی ئەمریکایە و پەیوەندی بە قەرزەوە نییە و عێراق هەموو قەرزەکانی پەیوەست هاوردەی غازی ئێرانی داوەتەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەمڕۆ رێککەوتن کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری غازی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو غازە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنرێت و بتوانرێت غاز بهرههم بهێندرێت بۆ ئهو وێستگه كارهباییانهی عێراق كه به غاز كار دهكهن.
قسەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، محەمەد رەزا جۆلائی بەڕێوەبەری تۆڕی دابەشکردن لە کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە سیستەمی گواستنەوەی غازی سرووشتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق تێکچووە، ئامێرەکان لە کەرتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا پەکیان کەوتوە، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی هەناردەی غاز ٥ بۆ١٠ ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا کەم بێتەوە.