وەزیری کشتوکاڵ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆنفراسێکی تایبەت بە ژینگە لە هەولێر، رایگەیاند، “کەوتوینەتە نێو مەترسی کەمی ئاو، ڕۆژانە دەبینین سەرچاوە ئاویەکان دەگیرێتەوە، بەشێک لە کانی و کارێزەکانی وڵاتی خۆشمان بەبۆنەی گۆڕانکاریەکانی کەش وهەواوە رووبەرووی وشک بوون دەبن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەرکی هەموومانە بەیەکەوە شان بدەنە بەر پڕۆسەیەکی گرنگ لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی روبەری سەوزایی بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتەکەی خۆمان بپارێزین”.
بێگەرد تاڵەبانی وتیشی، “لەدوای دەست بەکاربوونمان لە کابینەی نۆیەم توانیمان بە دروستکردنی بەنداو و دروستکردنی پۆند و بەهێنانی تەکنەلۆجیایەکی تازە بۆ ئەوەی جوتیارەکانمانیان پێ ئاشنا بکەین لە چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاو، تەنانەت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەیوەندیدارەکانمان بەتایبەتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری لە بەرێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە و ڕێنمای کشتوکاڵی لەسەر زیادکردنی رووبەری سەوزایی و بەرهەمهێنانی ئەو بنە تۆیانەی بەرگەی وشکە ساڵی و کەم ئاوی دەگرن کاری گەورەمان کردوە”.
ئاماژەی بەوەش دا، “ئەو تەکنەلۆجیایانەی پێویستە ببن بە بەشێک لە شێوازی کارکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئاشناپێکردنی جوتیارەکانمان بەو تەکنەلۆجیایانە بۆ ئەوەی لە سیستەمی تەقلیدی کۆن دەربچین لە چۆنیەتی کشتوکاڵ کردن بچینە ناو سیستەمێکی تازە، کە ئێستا لەهەموو دونیادا کاری پێدەکرێت کە بەکارهێنانی کەمترین رووبەری زەوی کشتوکاڵی کەمترین ئاو و زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵیە بۆناو بازارەکان”.
راشیگەیاند، “گۆڕانکاری بۆ شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هۆشیاریەکی زۆرە کە جوتیارەکانمان پێی ئاشنابن، هەم بتوانرێت ئەو تاقەیەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەیە بۆ چۆنیەتی کشتوکاڵکردن و ئیدارەدانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایانەی کە پێویستە بدرێتە جوتیاران دووبارە ڕێکبخرێتەوە”.