وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر رایدەگەیەنێت، بازاڕی لەنگە بەداخەوە کێشەی ھونەری و نەبوونی دڵنیایی ھەبووە، سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی تیادا نەبووە، ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئەوا رەنگە ئاگری دیکە سەرھەڵبداتەوە.
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ، دوو جار ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر کەوتەوە و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دوکانەکان سووتان و زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ، جارێکی دیکە ئاگر لە چەند دوکانێکی بازاڕی لەنگە کەوتەوە کە زیان بە نزیکەی ٥٠ دوکان گەیشتووە و لەماوەی نزیکەی دوو کاتژمێردا، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێریش نیگەرانی خۆی دەردەربڕێت لەھەمبەر کەمتەرخەمی دوکاندارەکان.
وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، کاروان میراودەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا وتی: “دوای پەنجا ڕۆژ لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە، ئەمڕۆ بەیانی بەھەمانشێوە ئاگرێکی دیکە لەم شوێنە کەوتووەتەوە کە کاتژمێر ٠٦:٤٣ خولەک لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی بازاڕەکە پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵکراوە و تیمەکان ئاگادارکراونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە تیمەکانی ئێمە بەرەو شوێنەکە بەڕێکەوتوون، بەڵام بەر لە گەیشتنی تیمەکانمان دوکاندارەکان ھەوڵیانداوە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە”.
کاروان میراودەلی وتیشی: “بەڵام دوای کاتژمێرێک و چوار خوولەک، واتا کاتژمێر ٠٧:٤٧ خوولەک دووبارە ھەمان کەس پەیوەندی دەکاتەوە کە ئاگرێکی دیکە ھەیە لە بازاڕی لەنگە، (ئینجا دیارنیە ھەمان ئاگربووە یان لە شوێنێکی دیکە ئاگر کەوتبووەوە)، بۆ ئەم مەبەستە سێ تیممان ھاتوونەتە شوێنەکە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و ژمارەی ھێزەکانی مرۆییامان زیادکرد و لە ڕێگای ١٧ تیمەوە ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەماندا و لەماوەی کاتژمێرێک و بیست خوولەک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا”.
لەبارەی ھۆکار و زیانەکانی ئەم ڕووداوەش، کاروان میراودەلی وتی: “ھۆکارەکەی دیارنیە و، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆر زیانی ماددی ھەیە، لەم بازاڕە بەداخەوە کێشەی ھونەری و نەبوونی دڵنیایی ھەبووە، سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی تیادا نەبووە، ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئەوا ڕەنگە ئاگری دیکە سەرھەڵبداتەوە چونکە بەشێک پەیوەندی بە زێدەڕۆیی دوکاندارانەوە ھەیە کە کەلوپەلەکانییان ھێناوەتە بەردەم دوکانەکانییان و ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ زووگڕگرتن و گواستنەوەی ئاگر بۆ دوکانەکانی دیکە”.
لەوەتەی لەنگە لەم شوێنە بونیادنراوە، چوار جار ئاگری گرتووە، جارێک لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، دواتر لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، ھەروەھا جاری پێشوو لە ٢٨ی شوبات جارێکی دیکە ژمارەیەک دوکان ئاگریان تێبەربوو کە بووە ھۆی سووتانی سەدا ٢٥ ی بازاڕەکە، ھاوکات کەمێک پێش ئێستاش ئاگر لەو شوێنە کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە.