وەزارەتی کارەبای هەرێم زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ باشتکردنی کارەبای ناحیەی بەحرکە و کۆمەڵگەی شاوێس و دەوروبەری خەرج دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی کارەبای هەرێم لە راگەیەندراوێکدا جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ ناحیەی بەحرکە و کۆمەڵگەی شاوێس و دەوروبەری راگەیاند.
بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، “سیستەمی ئیشپێكردن و گەیاندنی كارەبایەكی زیاتر بۆ شاوێس و بەحركە و دەوروبەری باشتر دەبێت، كە فراوانبوونێكی زۆری بەخۆوە بینیوە.”
شایەنی باسە پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای هێرۆوە و بە گوژمەی حەوت ملیار دینار و 220 ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێت. ماوەی ئەنجامدانی پڕۆژەکە 165 رۆژە و، “دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی بارزۆری و باشترکردنی سیستەمی ئێشپێکردن و باشتر گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوبەشانی كارەبا لە تەواویی شاوێس و بەحركە و دەوروبەریی.”