ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا “سانا” لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاندووە، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیسرائیل لە باکووری جۆلان، هێرشێکی مووشەکی کردە سەر دەورووبەری دیمەشقی پایتەختی سووریا و بەوهۆیەوە دوو سەربازی سووریا بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەرگرییە ئاسمانییەکانی سووریا زۆربەی مووشەکەکانی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە”.
لای خۆیەوە روانگەی سووریا بڵاویکردەوە کە “مووشەکەکانی ئیسرائیل شوێنە سەربازییەکانی نزیک فڕۆکەخانەی ئەلدیماس و ناوچەی ئەلسەبورەیان کردووەتە ئامانج، کە لیواکانی فیرقەی چوار و کۆگاکانی حزبوڵای لوبنان لە ناوچەکەدا هەن”.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سووریا ئەنجامداوە و شوێنەکانی سوپای سووریا و ئامانجەکانی حزبوڵای ئێران و لوبنانی کردووەتە ئامانج، لەوانەش کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لە ناوچە جیاوازەکاندا.