سوودانی: رێگای گەشەپێدان واتای بەستنەوەی رۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق و تورکیاوە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • سوودانی: رێگای گەشەپێدان واتای بەستنەوەی رۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق و تورکیاوە

سوودانی: رێگای گەشەپێدان واتای بەستنەوەی رۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق و تورکیاوە

حوزه‌یران 1, 2024 11:33
سوودانی: رێگای گەشەپێدان واتای بەستنەوەی رۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق و تورکیاوە
0

لایک

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند کە پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، بەپێی ھاوکێشەکانی ئێستای بازاڕ و جوڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی، بە واتای بەستنەوەی ڕۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق و تورکیا.

لە مانگی نیسان رابردوو سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای 13 ساڵ بۆ یەکەمجار سەردانی بەغدای کرد کە میدیاکانی عێراق ئەو سەردانەیان بە مێژووی و نەخشە رێگایەک بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات وەسف کرد.

سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی “یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەبارەی چوارچێوەی ستراتیژی” و “ڕێککەوتنێکی چوارچێوەی ھاریکارییان لە بواری ئاودا” واژوو کرد، ھەروەھا 24 رێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان بەرپرسانی ھەردوو وڵات لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار، فێرکردن، تەندروستی، ئاسایش، زانستی تەکنەلۆژیا، وەبەرھێنان و وەرزش و چەند بواری دیکە، واژوو کران.

ھەر لە میانی سەردانەکەدا، بەسەرپەرشتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی یاداشتنامەیەکی چوار لایەنە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” واژوو کرا.

پڕۆژە “رێگای گەشەپێدان”، ڕێگای وشکانی و ھێڵی ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە باشووری عێراق بە درێژایی ھەزار و 200 کیلۆمەتر بۆ تورکیا درێژ دەبێتەوە، ئەوەش بە ئامانجی گواستنەوەی کەلوپەلی بارزگانی لەنێوان ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو.

– گرنگی “رێگای گەشەپێدان”

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی گرنگی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان”، وتی: “لە سەرەتادا، دەبێت لە ڕووی مێژووییەوە سەیری ڕۆڵی عێراق بکەین لە بازرگانی نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا لە ماوەی چەندین سەدەدا،من زیادەڕەویی ناکەم ئەگەر بڵێم لە سەردەمی پێش مێژووەوە، میزۆپۆتامیا ڕێڕەوێکی ئاسان بووە بۆ کاروانە بازرگانییەکان تا بتوانن لەگەڵ شارەکان و ناوەندەکانی شاردا بازرگانی خۆیان بکەن”.

دووپاتی کردەوە کە : “پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە بنەڕەتدا گێرانەوەی ئەم ڕۆڵە مێژووییەی عێراق لە بواری بازرگانییدا و بەستنەوەی بەندەری فاو بە سنووری تورکیا، ھەروەھا پڕۆژەکە بەپێی ھاوکێشەکانی ئێستای بازاڕ و جوڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی، بە واتای بەستنەوەی رۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق و تورکیاوە”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیشی کردەوە: “ناوچەکە ناوە ناوە رووبەڕووی ململانێ و گرژییەکان دەبێتەوە کە ھەندێک جار ئەو ململانێ و گرژییانە کەم دەبنەوە و ھەندێک جارێش زیاد دەکەن، ئەمەش وامان لێدەکات ھەوڵەکانمان لەسەر ئەو پڕۆژانە چڕ بکەینەوە کە لە بەرژەوەندی، سوود و قازانجمان دایە”.

وتیشی: “رێگای گەشەپێدان دەرفەت بۆ دروستکردنی شارە پیشەسازییەکان لە ھەردوو دیوی پڕۆژەکە دەڕەخسێنێت، ئەمەش تەواوکەری ئەو بازرگانییە دەبێت کە تیایدا تێدەپەڕێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا، یەکەمین شوێن بۆ لەنگەرگرتنی کەشتی لە بەندەری فاو دەکەینەوە، ھەروەھا لە سەرەتادا، پڕۆسەی گواستنەوەی کەلوپەل لە ڕێڕەوی ڕێگای گەشەپێدانەوە دەست پێ دەکات”.

محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاند: “ھەموو ئاماژەکان، خوێندنەوە ئابوورییەکان لێکۆڵینەوەکان دەڵێن کە ئەم رێڕەوە ھەرزانترین و خێراترین رێڕەوە لە نێوان رێڕەوەکانی دیکەدا، ئێمە ناڵێین کە جێگرەوەیە، بەڵام بازرگانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕاستی پێویستی بە ڕێگای گەشەپێدان ھەیە، چونکە پڕۆژەیەکی بەستنەوەیە و لە پێناو بەرژەوەندی و بەردەوامبوونی ئابووریی، گەشە دەکات”.

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عەبدولقادر ئورالئۆغڵو دوای سەردانەکەی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، راگەیاندبوو کە لەگەڵ وەگەرخستنی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراق لە 20 ملیار دۆلارەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 30ـ40 ملیار دۆلار.

– زیادبوونی بارزگانی نێوان تورکیا و عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی داھاتووی قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق کە بە 20 ملیار دۆلار دەخەڵمێندرێت، وتی: “زیادبوونی قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ تورکیا دەتوانرێت بە شێوەیەکی ستوونی فراوان بکرێت، بەڵام ئێمە ھەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی ئاسۆییش فراوانی بکەین، بە کورتی ئەمە رۆڵی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و ئەو پڕۆژانەیە کە پێیەوە گرێدراون”.

وتیشی: “ئەزموون و مێژوو سەلماندوویانە کە پێشکەوتنی وڵاتێک بە تەنھا و بە دابڕان لە دراوسێیەکەی، کارێکە کە ئایندەیەکی نادیارە سەرەڕای ھەموو ئەگەر و ململانێیەکان، بۆیە ئێمە سەرنجمان لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕ و ھاوبەشی کردارییە ( لەگەڵ تورکیا)، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و پەیوەندی قووڵی درێژخایەنی نێوان ھەردوو وڵات”.

راشیگەیاند: “لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برا تورکەکانمان، تیشکمان خستە سەر یەکێک لە کەرتە گرنگەکانی وەبەرھێنان و ھاریکاری کە ئەوەش کەرتی کشتوکاڵییە، بەم زووانە ھەنگاوی کردەیی لەگەڵ تورکیا دەنێین بۆ وەبەرھێنان و ھاریکاری لەو کەرتەدا”.

– وەبەرھێنان لە غازدا

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی وەبەرھێنان لە کێڵگەکانی غازدا لە عێراق، رایگەیاند: “وەبەرھێنانی غاز تاقیکردنەوەیەکی ستراتیژییە بۆ عێراق و دەبێت سامانی نیشتمانیمان بە باشترین شێوە بەکاربھێنرێت بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان و پلانەکانی گەشەپێدان”.

وتیشی: “ناکرێت بەردەوام بین لە سوتاندن غاز، یەکەمیان بەھۆی بەفیڕۆدانی ئەم سامانە کە دەتواندرێت سوودی لێ وەربگیرێت، دووەمین بەھۆی کاریگەرییە ژینگەییەکانەوە، ئێمە خولێکی تایبەتی مۆڵەتمان بۆ وەبەرھێنان لە کێڵگەکانی غازدا، راگەیاند”.

ئاماژەی بەوەشدا: ” ئێمە پلانمان ھەیە لە ماوەی سێ ساڵدا، عێراق پێدوایستییەکانی خۆی لە غازدا دابین بکات، عێراق بە متمانەوە ھەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا ببێتە وڵاتێکی گرنگ لە بازاڕی غازدا، ھەروەھا لە ساڵانی داھاتوودا، غاز پێویستیش بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا دابین دەکەن”.

ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی: “پسپۆڕان دەزانن کە بوونی بنکەیەکی تەکنەلۆژی بۆ وەبەرھێنانی گاز لە ھەمان کاتدا بناغەیەکە بۆ فراوانکردنی پیشەسازیی پترۆکیمیایی و ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە ھەوڵی بۆ دەدەین”.

محەمەد شیاع سوودانی لە بارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت کاری وەبەرھێنان لە بواری غازدا لە عێراق بکەن، وتی: “دەرگاکان کراوەن بە رووی ھەموو کۆمپانیا بەناوبانگ و لێھاتووەکان کە دەیانەوێت بەشداری لەم کەرتەدا بکەن، ھەروەھا ئێمە پێشوازی لە کۆمپانیا ھەرێمییەکان دەکەین، چونکە بناغەی ھاریکاری لە بوارەکانی دیکەدا فراوانتر دەکەن”.

وتیشی: “گرنگە تێبگەین کە وەبەرھێنانی غاز، مانای دابینکردنی سەرچاوەکان گەشەپێدان لە عێراق دەگەیەنێت، ئەو سەرچاوانەی کە دەتوانرێت وەبەرھێنانیان تیایدا بکرێت لە بوارە ئابوورییە جۆراوجۆرەکاندا، ئەو سەرچاوانەش کراوە دەبن بە رووی بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دۆست”.

لە ئێستادا، بەرھەمھێنانی غاز لە عێراق، دوو ملیار و 700 ملیۆن پێی سێجایە، ھەروەھا یەدەگی غاز لە عێراق، بە 132 تریلیۆن پێی سێجا دەخەڵمێندرێت، بەلام لەو ژمارەیە 700 ملیار پێی سێجای لێ سووتاوە، ئەمەش بەھۆی لاوازی توانای بەکارھێنانی لەلایەن عێراقەوە.

– داھاتووی ھەناردەکردنی نەوت


سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی داھاتووی ھەناردەکردنی نەوت، روونی کردەوە: “ڕاگرتنی بەھەرھەمھێنانی نەوتی عێراق کە لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، بێگومان زیانێکە بۆ عێراق و بەلایەنی کەمەوە لەدەستدانی سوودێکی چاوەڕوانکراوە کە دەتواندرێت پشتی پێ ببەستریت بۆ پلانەکانی گەشەپێدان لە پارێزگاکانی ھەرێم و پتەوترکردنی ئابووری عێراق بە گشتی”.

وتیشی: “ئێمە دەستپێشخەریمان کردووە بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی چارەسەری قبوڵکراو دوای لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی تەواو، بەڵام پرسەکە پەیوەندیدارە بە پابەندبوونێکی یاسایی ، چونکە لە یاسای بوودجەی فیدراڵیییدا، تێچووی بەرھەمھێنانی بەرمیلێک نەوت لە ھەموو کێڵگەکاندا لە چوارچێوەی تێکڕای نیشتمانی تێچووی بەرھەمھێناندا ھەژمار کراوە کە ھەشت دۆلارە بۆ ھەر بەرمیلێک، بەپێی ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی ڕایگەیاندووە”.

وتیشی: “بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە ھەرێم کار دەکەن، تێچووی بەرھەمھێنان بە 26 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک ھەژمار دەکات، ئێمە پێشنیارمان کردووە کە یاسای بوودجە ھەموار بکرێتەوە، یان گرێبەستەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە واژوو کراون، ھەموار بکرێنەوە”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند: “لەو روانگەیەوە، کۆمپانیاکان بەرھەمھێنانیان راگرت، بەڵام راگرتنەکە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە نەبووە و چاوەڕێی چارەسەرێک دەکەین، کۆمپانیاکان رەتیان کردووەتەوە کە گرێبەستەکانیان ھەموار بکەنەوە لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێم بەوە رازی بووە”.

ھەروەھا روونی کردەوە: “لەبەر ئەم ھۆکارە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی یاسایی بۆ ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی مافەکانی عێراق و گەلەکە بۆ سامانەکەی بدۆزرێتەوە”.

وتیشی: “سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی بەسرە لە رێگەی بەندەرەکانی تورکیاوە، ئەو پرسە ژێر لێکۆڵینەوە دایە و دیاریکردنی سوودەکانی ئابووری پێش ھەموو شتێکە”.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەئێستادا، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە وڵاتەکەی، گەیشتووەتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و ھاوکات عێراق 25 ملیۆن لیتر رۆنی ئۆتۆمبێل، بەنزین، نەوتی سپی و غازی سرووشتی ھاوردە دەکات.

پێشتر محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندبوو، عێراق ھەوڵدەدات ھاوردەکردنی بەرووبوومە نەوتییەکان رابگرێت کە سێ ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری بۆ دابین دەکات.

– قەدەغەکردنی دەستووریی و رێوشوێنەکانی رێکخراوەیی

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە نیازی ناساندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی “پەکەکە” وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و ئەگەری ھاریکاریکردنی سوپای تورکیا لەو بارەیەوە، وتی: “پەکەکە لە ھەشتاکانەوە بوونی ھەیە و بارودۆخی ئەو بوونەش زانراوە، ھەروەھا ھۆکارەکانی گرژی و ململانێیەکە ناسراون، ئەو پرسەش بەپێی پێویستی ھەوڵ نەدراوە بە ریشەیی چارەسەر بکرێت”.

وتیشی: “بەڵام ئێمە لەو ڕوانگەوە مامەڵە لەگەڵ “پەکەکە” یان ھەر لایەنێکی دیکەدا دەکەین کە بوونی ئەندامانی ئەم حزبە لەژێر ناونیشانی پەنابەراندا بووە، لێرەدا لەبەرامبەر بڕیارێکی دەستووری داین ناتوانرێت دەستکاری بکرێت”.

راشیگەیاند: “دەستوورەکەمان، ئەنجامدانی ھەر چالاکییەکی چەکداری سەربازی قەدەغە کردووە کە وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراق بکرێنە ئامانج، ئێمە بە بەدەم بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی چووین، بۆ ئەوەی رێکخراوەکانی ئەم حیزبە بەپێی یاسا وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو رەچاو بکەین، ھەروەھا رێوشوێنی ڕێکخراوەییمان لەبارەی کەمپی مەخموور و پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی ناوی دانیشتوانی کەمپەکەوە گرتووەتەبەر”.

دووپاتیشی کردەوە: “ھەمان ئەو کارە لەگەڵ ھەر رێکخراوێک یان پارتێک کە ھەر وڵاتێک بکەنە ئامانج نەک تەنھا تورکیا، جێبەجێی دەکەین”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی: “گرنگە ئەو ڕاستییە بزانین، ئەگەر رێگا بە پەرەسەندنی کێشە کۆنەکان بدرێت، ئەوە لە بەرژەوەندی ھەموواندا نییە، ھەروەھا رێگاش بە جموجۆڵی ئەندامە چەکدارەکان بدرێت کە ھەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە بکەن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ھەموواندا، نییە”.

جەختیشی لەوە کردەوە: “ناوچەکە پێویستی بە سەقامیگریی و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە ئابووری، سیاسی و سەرجەم کێشەکان ھەیە”.

رێکخراوی تیرۆریستی “پەکەکە” چیای قەندیل باکووری عێراقی کردووەتە حەشارگەی خۆی و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی عێراق چالاکی ئەنجام دەدات، ھەروەھا 515 گوندی داگیرکردووە.

ناوە ناوە رێکخراوە جوداخوازەکە لەو ناوچانەوە، ھێرش دەکاتە سەر ھێزە عێراقییەکان، ئەمە جگە لەوەی ھێرش لەناو خاکی تورکیا ئەنجام دەدات.

– ھاریکاری و سوود وەرگرتنی لە شارەزایی تورکیا لە بواری ئاودا

محەمەد شیاع سوودانی لە بواری ڕێککەوتننامەی ھاریکاری کە عێراق لە بواری سیاسەتی ئاودا لەگەڵ تورکیا واژووی کردووە، وتی: “بۆ ھەمووان روونە کە دیجلە و فورات، دوو روویاری شادەماری ژیانیان بۆ عێراق، بۆیە دەیان ساڵە دۆسیەی ئاو لە دۆسیە ستراتیژیییە گرنگەکانی نێوان عێراق و تورکیایە”.

وتیشی: “لە ساڵانی رابردوودا، رووبەڕووی کەمی ئاو بووینەوە، تەنانەت لە ھەندێک حاڵەتیشدا نەمانتوانی ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک شار و پارێزگاکانی باشوور دەستەبەر بکەین و برا تورکەکانیش تێبینییان ھەیە سەبارەت بە بەکارھێنانی ئاو لە عێراق”.

راشیگەیاند: “لەسەر ئەرزی واقع، ھەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم بۆ ئاودێری لە عێراق کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دابینکردنی ئاو دەبێت، ھەروەھا تورکیا ئەزموونێکی پێشەنگی ھەیە لە بواری بەڕێوەبردنی سامانی ئاودا”.

ھەر لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە گرنگی رێککەوتننامە کرد و وتی: ” ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانە، پرۆژەی بەڕێوەبردنی ئاومان پێشنیاز کرد کە رێککەوتنێکی چوارچێوەیە و ١٠ ساڵ دەخایەنێت، ئەوەش بە ئامانجی باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی سیستەمی ئاودێری و تەکنیکی ئاودێری سەردەم، لەوانەش بەنداوەکان”.

ئاماژەی بەوەشدا: ” ئێمە پێشتر بۆ ھەمووان روونمان کردووەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندی ھیچ کەسێکدا نییە، نە تورکیا و نە ناوچەکە کە کێشەکە لەبارەی پشکی عێراق لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات خراپتر بێت و ئێمە لە کۆتاییدا بە یەک ھێڵی ژیانەوە گرێدراوین کە بناغەی شارستانییەتی عێراقە کە ماوەکەی ھەزاران ساڵە”.

En az 10 karakter gerekli