وەزیری ژینگەی عێراق رایدەگەیەنێت، دانوستانەکان لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە پشکی ئاو باشبووە و ئەنجامەکەی لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق دەردەکەوێت.
نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، رێکاری قورسیان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی رووبارەکان، تا ئەو رادەیەی ژمارەیەک نەخۆشخانەیان داخستووە، چونکە پاشماوەکانیان فڕێدەدایە رووبارەکانی بەغدادەوە.
وتیشی، دانوستانەکانیان لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە پشکی ئاو ئەنجامی باشی ھەبووە، ئەنجامەکەش لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق دەردەکەوێت.
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتایی مانگی نیسانی داھاتوودا سەردانی عێراق بکات و چەندین دۆسییە لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق تاوتوێ بکات.