کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لەمڕۆوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن. دەشڵێت، شەپۆلەکە تاوەکو دوانیوەڕۆی رۆژی ٢٠ی مانگ بەردەوام دەبێت.
کەشناسی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە، بارانبارین بەشێوەی نمەبارانی لەسەرخۆ لە کاتە جیاجیاکاندا لەسەر هەندێک ناوچە دەستپێدەکات و زۆربەی کاتەکان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی ١ بۆ ٣ پلە دادەبەزن. رێژەی دابارین لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر دەبێت بەتایبەت لە کاتەکانی شەودا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی سێشەممە، دوای زیادبوون و بەهێزبوونی کاریگەری ئەو شەپۆلەی رووی لە ناوچەکە کردووە، لە ئەنجامی کاریگەری یەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی (دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور)، بارانبارین بەشێوەی مامناوەند و بارانبارینی بەلێزمە و هەورەتریشقە بە درێژایی رۆژی سێشەممە سەرجەم هەرێم دەگرێتەوە.
کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەری هەورەتریشقە و بارینی تەرزە هەیە لە کاتە جیاجیاکان و هەندێک ناوچە لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
دەشڵێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە رۆژی چوارشەممە، ٢٠ی مانگدا لاواز دەبێت، لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ کۆتایی دێت.