بڕیارە ئەم هەفتەیە، بەغدا بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت؛ پارەکە بۆ مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەبێت.
محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاندووە، “لیستی مووچەی دەزگا ئەمنییەکان بە کۆدی بایۆمەترییەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە، بەڵام هێشتا پارەی نەناردووە”.
لەلایەکی دیکەوە نەرمین مەعرووف، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “لەم دوو ڕۆژەدا بڕی پێویستی مووچە بۆ هێزە ئەمنییەکان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان”.
ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق بە سێ قۆناغ پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، تاوەکو ئێستا 608 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان. بەڵام بەهۆی نەناردنی بڕی پێویست بۆ مووچە لەلایەن بەغداوە، تاوەکو ئێستا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکراوە.