ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق پابەندبوونی تەواوی بە رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتان دووپات دەکاتەوە.
ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی پابەندبوونی تەواوی بە رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتان دووپات دەکاتەوە.
ئەحمەد سەحاف بە جەختکردنەوە لە پاراستن و پارێزگارییکردنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق رایگەیاندووە، “جارێکی دیکە ئەوە بۆ نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق دووپات دەکەینەوە کە حکوومەتی عێراق بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکاران لە سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەکاندا”.
وتیشی، ئەوەی بەرامبەر بە باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد کرا کردەوەیەکە رێگە دووبارەبوونەوەی نادرێت و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە دووبارەبوونەوەی هەر کارێکی هاوشێوە لێپرسینەوەی یاسایی لەسەر دەبێت.