لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.
هاکان فیدان دوێنێ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغداد و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. ئەمڕۆش لە درێژەی دیدارەکانیدا ئەمڕۆ لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازیی کردووە لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدراوە کە لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە زیاتر پەرە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی دراوسێ بدرێت و بە پێویستی زانیوە ئاسۆی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بوارەکانی ئابووریی، بازرگانی، ژینگەیی، ئاو و وزە فراوانتر بکرێت، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی گەلانی ھەردوو وڵاتدا بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی عێراق بکات و لای خۆیەوە عەبدولـلەتیف ڕەشید ھیوای خواستووە کە سەردانەکەی وەزیری بازرگانیی تورکیا بۆ عێراق، ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق باس لەوە کراوە کە عەبدولـلەتیف ڕەشیدا لەبارەی دۆسێی ئاو، جەختی لە گرنگی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی نێوان ھەردوو وڵات کردووەتەوە بۆ بەدەستھێنانی بەشێکی دادپەروەرانە و پێویست لە ئاو کە پێویستیەکانی گەلەکەیان دابین بکات و وتوویەتی “عێراق بە قەیرانێکی سەختی ئاودا تێدەپەڕێت و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی گشتیی عێراقییەکان دروست کردووە، ئەوەیش بەھۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و سەرچاوەکانیان”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری عێراق ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگی تێگەشتنی عێراق و تورکیا کردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، بەتایبەتی قەیرانی ئاو و باسی لە خستنەگەڕی ھەوڵەکان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئاو و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی ئاودێری لە ڕێگەی بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و دروستکردنی بەنداو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا بە پەرۆشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئاو و ڕایگەیاندووە، حکوومەتی وڵاتەکەی بەدواداچوونی بەردەوامی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لە عێراق و ھیوای خواستووە کە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ھاوبەش لە نێوان پسپۆڕانی ھەردوو وڵات یارمەتیدەربێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری یەکلاکەرەوە و جەختیشی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەیشکراوە کە ھاکان فیدان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، رژدە لەسەر سەردانیکردنی بۆ عێراق بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی ئێستا، جگە لەو دۆسیانەی کە لە بەرنامەی سەردانەکەدا ھەیە، ھاوکات لای خۆیەوە سەرکۆماری عێراق، خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ بەغدا دەربڕیووە.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت