دادگای فیدڕاڵی لەبارەی چوار سکاڵا دانیشتن دەکات، دووانیان تایبەتن بە هەرێم.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دادگای فیدڕاڵی عێراق دوو سکاڵای بەرامبەر هەرێم تاوتوێدەکات، یەکەمیان پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان- عێراقە.
تەمەنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 6/11/2022 کۆتایی پێهات، پاش سێ ڕۆژ لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا تەمەنی پەرلەمان تا کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە، ئەمەش بە ئامانجی کارکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
تا ئێستا دادگای فیدڕاڵی پێنج جار دانیشتنی لەبارەی ئەم کەیسەوە دواخستووە.
سکاڵای دووەم، لەلایەن کۆمپانیای گشتی بارزگانی خۆراکی حکومەتی عێراقیە بەرامبەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراکی هەرێم.
لەم سکاڵایەدا حکومەتی عێراقی داوای گەڕانەوەی پارەی بەشە خۆراکی هاووڵاتیان لە ساڵی 2004 بۆ 2021 دەکات، کە بەرامبەر بەشەخۆراک لە هاووڵاتیان وەرگیراوە، بەڵام نەگەڕێندراوەتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی.