سەرۆکى ئەمەریکا رایدەگەیەنێت؛ ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل دەوەستێت و پێویستە جیهان بزانێت کە ئێمە پشتیوانى لە ئیسرائیل دەکەین، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلیش هێرشى توند دەکاتە سەر بزوتنەوەى حەمماس و بە “داعش” وێنایان دەکات.
دواى گەیشتنى بە تەلئەبیبى پایتەختى ئیسرائیل، جۆ بایدن سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل بۆ میدیاکان قسەیان کرد و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنى بزوتنەوەى حەمماس.
لە کۆنگرەکەدا، ناتانیاهۆ رایگەیاند: هێرشەکەى سەر ئیسرائیل لە 11ى ئۆکتۆبەر هاوشێوەى هێرشەکەى 11ى سێپتەمبەرى ئەمەریکا بوو کە تێیدا ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتى ئیسرائیلى و بیانى لەلایەن حەمماسەوە کوژران.
وتیشى،”حەمماس لە داعش خراپترە، بۆیە دەبێت ئیسرائیل و ئەمەریکا کاربکەن بۆ لەناوبردنى”.
سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل باسى لەوەشکرد، ئیسرائیلییەکان ئارامى و ئاسایشیان دەوێت، بۆیە دەبێت بۆ ئارامى و ئاسایشى جیهان و ناوچەکە، حەمماس و گروپە جیهادییەکان لەناو ببرێن.
هەروەک، سوپاسى ئەمەریکا و جۆ بایدنى کرد لە پشتیوانییەکانیان بۆ تەلئەبیب و وتى،” ئێمە رێز لەوە دەگرین لە دۆخى شەڕدا، سەردانى ئێمەت کردووە و پشتیوانى ئێمە دەکەیت، خەڵکى ئیسرائیلیش سوپاسى ئەو هەڵوێستەت دەکات”.
لاى خۆیەوە، جۆ بایدن وتى،”بۆیەک هۆکارى سادە هاتوم تا خەڵکى جیهان بزانێت ئەمەریکا لەگەڵ ئێوەدایە”.
ئاماژەى بەوەشکرد،”حەمماسى تیرۆرست خەڵکێکى زۆرى کوشتووە کە 31 کەسیان ئەمەریکى بوون، ئەوەش شتێک نییە بە ئاسانى بەسەر ئەمەریکادا تێپەڕێت و بە ئاسانى وەریبگرێت، ئەوان تاوانى گەورەیان ئەنجامداوە و هاوشێوەى ‘داعش’، دەرکەوتوون”.
جۆ بایدن ئاماژەى بەوەشکرد، ئیسرائیل وەڵامى هێرشەکەى داوەتەوە و بەرگرى لەخۆى کردووە”.
سەرۆکى ئەمەریکا زیاتر قسەى کرد و وتى،” حەمماس نوێنەرایەتى هەمو خەڵکى فەڵەستین ناکات و چەندین ساڵە بەهۆى حەمماسەوە خەڵکى فەڵەستین چەوسێنراونەتەوە”.
هەروەک نیگەرانى لە بۆردومانى سەر نەخۆشخانەکەى غەززەش دەربڕى و وتى،” ئەوەى دوێنێ لە غەززە روویدا جێگەى نیگەرانیمانە، بۆیە دەبێت کارى جددى بکەین و تەواوى هەوڵى خۆمان بخەینەکار بۆ ئەوەى فەڵەستینییەکان رووبەڕووى نەهامەتى نەبنەوە.