وەزارەتی كشتوكاڵ دەنگۆیەك لەبارەی گرتنەوەی ئاوی هەرێم لە ناوچەكانی باشووری عێراق رەتدەكاتەوە و دەڵێت، ئەو پرسە بە دەستوور رێكخراوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هیچ جۆرە ناکۆکییەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نیە و، ئەو بابەتانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبوونەتەوە هیچ بنەمایەکی دروستیان نیە.
دەشڵێت، “هیچ کۆبوونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە، لەسەر بنەمای ناکۆکیی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان”.
وەزارەتی كشتوكاڵ لە روونكردنەوەكەیدا دووپاتیشیدەكاتەوە، لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم، بەیەکەوە کاردەکەین بە ئامانجی رووبەرووبونەوەی ئاستەنگ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمبونەوەی ئاو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و هاوڵاتییان بەگشتی.
ئەوەش دەخاتەڕوو، دۆسیەی ئاو بەپێی دەستوور رێکخراوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان رێکخستووە.