بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی تیمێکی تایبەتمەند لە بواری گەڕان و رزگارکردنی ناردە ناوچەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا.
بە پێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی، دوای تەواوکردنی ڕەزامەندی فەرمی و نێودەوڵەتی تیمێکی تایبەتمەند لە بواری گەڕان و رزگارکردن بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن.
لە راگەیەندراوەکادا هاتووە، “هیوادارین ئەم تیمە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بگاتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی دەستی هاوکاری پێشکەش بە قوربانییە مەدەنییەکان بکات، هەروەها ئەو تیمە لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاریدا بەشدار دەبن”.
لای خۆیەوە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕۆیشتنی دوو فڕۆکەی بۆ تورکیا ڕاگەیاند کە هاوکاری فریاگوزارییان هەڵگرتبوو.
حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ دوو فڕۆکە لە چوارچێوەی کاروانی یەکەمی پردی ئاسمانی نێوان عێراق و تورکیا هەڵفڕین، کە تۆنێک هاوکاری فریاگوزاری بەپەلەیان بۆ تورکیا گواستووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو گەشتە تیمێکی مانگی سووری عێراق و 35 ئەفسەر و ئەندامی تیمەکانی فریاکەوتن و گەڕانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لەخۆدەگرێت بۆ پاڵپشتیکردنی تورکیا”.