ئەمڕۆ وەزیرانی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبنەوە، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە راپۆرتێکدا وردەکاری لەبارەی داهات و خەرجییەکان دەخاتەڕوو.
شوان کەلاری، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند: “وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی لەبارەی داهات و خەرجییەکانی شەش مانگی رابردوو ئامادەکردووە، تەواوی وردەکارییەکان لەو راپۆرتەدا هەیە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیخەنەڕوو”.
شایەنی باسە، دوێنێ 17/10/2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە.