د.بڕیار رەشید ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نوسراوێک بڵاوكراوەتەوە لێكدانەوەی هەڵەی بۆكراوە، گوایە 100 دۆلار بە نرخی فەرمی و بە 132 هەزار دینار دەفرۆشرێتە هاووڵاتیان، بەڵام هیچ بنەمایەكی نیە و تەنها دەدرێتە ئەو كەسانەی كە لەچوارچێوەی پاكێجی سێیەمدان.
د.بڕیار رەشید لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “دوای بڵاوبوونەوەی نوسراوێكی بانكی ناوەندی لە هەندێك لە كەناڵە میدیاییەكان و بەهەڵە تەفسیكردنی نوسراوەكـە و چەندین كەس پەیوەندیان پێوەكردین، بۆ بەدواداچونی زیاتر كەمێک پێش ئێستا بەپەیوەندیەكی تەلەفۆنی گفتوگۆمان كرد لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق”.
بەوتەی د.بڕیار رەشید، “پارێزگاری بانكی ناوەندی جەختیكردۆتەوە، لەوەی وەك بانكی ناوەندی بەردەوامن لەفرۆشتنی دۆلار بەنرخی فەرمی بۆ هاوڵاتیان كە بەمەبەستی گەشتكردن و چارەسەر و خوێندن لەدەرەوەی وڵات (واتە پاكێجی سێیەمی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی كە پێشتر بڵاو كراوەتەوە)، جگـە لەم سێ هۆكارە تاوەكو ئەم ساتە هیچ بڕیاریكی نوێیان نیە بۆ فرۆشتنی دۆلار بەنرخی فەرمی بۆ هاوڵاتیان بەدەر لەو هۆكارانـە”.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاشكراشیكردووە، “داواكارم هاووڵاتیان خۆیان بەدوربگرن لەئاڵوگۆڕكردن بە دۆلار لەم دۆخەدا، میدیاكانیش بەدیقەتربن لەم دۆسیە چونكە راستەوخۆ پەیوەندی بەبازاڕ و ژیانی رۆژانە وقوتی هاووڵاتیانەوەیە”.