یەحیا رەسوڵ، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، “هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، کە حکومەتی عێراق هەوڵدەدات باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات و بارگرانییەکانيان لەسەر کەم بکاتەوە، تیرۆریستەکان هەوڵدەدەن تاوەرەکانی کارەبا بکەنە ئامانج، کە دوایینیان تەقاندنەوەی تاوەرەکانی هێڵی گواستنەوەی کارەبای رۆژهەڵاتی بەغداد – دیالە 400 کەیفی بوو، لە ناوچەی خان بەنی سەعد”.
راشیگەیاند، “سەرەداوی گرنگیان دەستکەوتووە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئەو کارە تیرۆریستیەیان ئەنجامداوە و ئارامیی هاووڵاتیان دەکەنە ئامانج، هەروەها ئەو لایەنانەی کە بە دورنین لەپشت ئەم ئامانجەوە، بۆیە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد، بە لێپرسینەوەکردن لەگەڵ هەر یەک لە فەرماندەی کەرتەکە و ئەفسەری هەواڵگری و ئەو فەرماندەیەی کە ناوچەکەی لە ژێر دەسەڵاتە، لە هەر کردەوەیەکی تێکدەرانە کە کاریگەری لەسەر تاوەرەکانی کارەبا درووست بکات”.
یەحیا رەسوڵ باسی لەوەش کرد، لایەنە تێکدەرەکان و ئەوانەی لەپشتیانەوەن لە لایەن هێزە ئەمنیەکانمانەوە دەستگیردەکرێن و رێگە نادەین دەست بۆ ئابووری و سامانی وڵات ببرێت.
هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد، کە هاوبەش بن لە پاراستنی ئاسایش و پشتیوانیکردنی هەوڵە ئەمنییەکان بە پێشکەشکردنی هەر زانیاریەک دەربارەی هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق هەبێت، بەتایبەتی لەبارەی کاری تێکدەرییەوە.