بانکی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو پابەندبن بە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە دۆلار بە نرخی فەرمی، ئەویش پاڵپشت بەو رێنمایی و بڕیارانەی بانکەکەیان لە ساڵی 2023ـدا دەریکردوون.
بەگوێرەی دوایین بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق کە ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئاستی جیهان و بەتایبەت هەردوو کۆمپانیای (وێستەرن یونیون و مۆنی گرام)ـی کردووە، کە ئەو دوو کۆمپانیایە بەرپرس دەبن لە حەواڵەکردنی هەمووجۆرە پارەیەک بۆ دەرەوەی وڵات، وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە ئەو رێکارە بەمەبەستی جێگیرکردنی بازاری دراو دەرچووە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، پێویست هەردوو کۆمپانیای (وێستەرن یونیون و مۆنی گرام) پابەندبن بە ئاڵوگۆڕی دراو بەنرخی فەرمی کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە و بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکان رێکخراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، داواکاری سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکەی ئاڵوگۆڕی دراو وەردەگیرێن بەمەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگییان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیاکە و رێکخستنی کارکردنیان بەگوێرەی رێنمایی ساڵی 2023ـی تایبەت بە گواستنەوەی دراو بۆ دەرەوەی وڵات.
