سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزین لە وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان رایگەیاند، بڕیاردراوە گۆڕانکاری لەپێدانی بڕی بەنزینی 800 دیناری و 690 دیناری بە شۆفێران بکرێت و هەر شۆفێرێک بتوانێت بڕێکی سنووردار بەنزین وەربگرێت.
بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان کە واژۆی سالار محەمەد، سەرۆکی لێژنەی بەدواداچوون و دابەشکردنی بەنزینی لەسەرە تیایدا هاتووە، ئاگاداری سەرجەم بەنزینخانەکان دەکەن، لەمەودوا تەنها بەبڕی 40 هەزار دینار بەنزینی 800 دیناری بدرێتە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان.
ئەوەش هاتووە، بۆ پاسەکان تەنها بەبڕی 40 هەزار دینار، بەنزینی 690 دیناری، بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسیەکانیش تەنها بەبڕی 30 هەزار دینار بەنزینیان پێبدرێت.
دەرچوونی ئەو بڕیارەش لە کاتێکدایە لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی کەمی بەنزینەوە، دابەشکردنی بەنزینی 690 دیناری راگیرا.
