کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەست دەکرێت بە هەژمارکردنی کورسیی لایەنە سیاسییەکان، کۆتای ئافرەتان و پێکهاتەکان. هەروەها ئەمڕۆ یان سبەی، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان کە مابوونەوە، هەژمارکراون و ئەنجامەکانیان بە ڕێژەی ١٠٠٪ هاوتای ئەنجامی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستی بوون.
بە وتەی جومانە غەلای، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆن دەست دەکات بە هەژمارکردنی کورسییەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەنێویاندا کورسییەکانی کۆتای ئافرەتان و پێکهاتەکان.
هەروەها وەک ئەوەی غەلای باسی کرد، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕابگەیەندرێت، دواتر کۆمیسیۆن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای تانەلێدان دەکاتەوە، کە لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆنەوە دەست پێدەکات.
هاوکات وتەبێژی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، نووسینگەکانی پارێزگاکانی هەڵبژاردن دەستیان کردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتییەکان، پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان.