“لە سێ ساڵی رابردوودا ٣٦ هەزار و ٥٣٠ گەنج کۆچیان کردووە”
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • “لە سێ ساڵی رابردوودا ٣٦ هەزار و ٥٣٠ گەنج کۆچیان کردووە”

“لە سێ ساڵی رابردوودا ٣٦ هەزار و ٥٣٠ گەنج کۆچیان کردووە”

بەگوێرەی داتاکانی تۆڕی هه‌ماهه‌نگی ڕێكخراوه‌كان لە سێ ساڵی رابردوو ٣٦ هەزار و ٥٣٠ گەنج کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.

ئه‌یلول 10, 2023 09:58
“لە سێ ساڵی رابردوودا ٣٦ هەزار و ٥٣٠ گەنج کۆچیان کردووە”
0

لایک

باس لەوە دەکرێت، ئەو گەنجانەی دەیانەوێت بەیەکجاریی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بکەن کێشەیان دۆزینەوەی کار، زیادکردنی داهات و بەدەستهێنانی خوێندنێکی ئاستبەرزە.

سیروان گەردی، سەرۆکی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان، لەلێدوانێکیدا بۆ تەبا باسی لە ئامارەکانی کۆچی گەنجان و بێکاریی کرد.

گەردی رایگەیاند، “٣ بابەت هەن کە کێشەیان بۆ گەنج دروستکردووە کە ئەوانیش کۆچ، بێکاری و ماددەی هۆشبەرن. هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پرسی گەنج لە دۆخێکی خراپدایە”.

سیروان گەردی رێژەکانی کۆچکردن دەخاتەڕوو و دەڵێت، “لە ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١، نزیكەی ٣١ هەزار گەنج كۆچی كردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢، دوو هەزار گەنج و لە شەش مانگی یەكەمی ٢٠٢٣یش ٥٣٠ گەنج كۆچیان كردووە. ٤٩٠ـی ئەم ژمارەیە ڕانیە، قەڵادزێ، زاخۆ و شیلادزێیە”.

راشیگەیاند، “بە گشتیش لە سێ‌ ساڵدا ٣٦ هەزار و ٥٣٠ گەنج كۆچیان كردووە و گەنجەکان بە گشتی روو لە تورکیا دەکەن”.

لەبارەی هۆکاری کۆچی گەنجانیش وتی، “راپرسیمان لەگەڵ ٣ هەزار و ١٢١ گەنج ئەنجامداوە کە گەڕاونەتەوە هەرێم. وەڵامی زۆربەی پرسیارەکان بێکارییە کە بەم هۆیەوە کۆچیانکردووە”.

باسی لە نیگەرانییەکانی گەنجان کرد و ئاماژەی بەوە دا ئەوان بەر لە بێکاری بیر لە داهاتوویان دەکەنەوە. وتیشی، “دەڵێن لەم وڵاتە داهاتوو و ئومێدمان نییە. کە خوێندن تەواو دەکەم چ کارێک بکەم؟ ئەمەو پرسیاری لەم شێوەیە دەکەن. دوای تەواوکردنی زانکۆ کار نادۆزنەوە. ئەمە خەتای گەنج نییە، خەتای پەروەردەیە. دەبێت خوێندن بەگوێرەی بازاڕی کاربێت”.

زیاتر رایگەیاند، “پرسی کۆچ لە گشت جیهان کێشەیە و بەم هۆیەوە رێگریکردن لێی کارێکی سەختە. چارەسەری کێشەی کۆچ نادۆزرێتەوە و بەردەوامە بەڵام دەبێت ڕێژەکە دابەزێنین و وا بکەین خەڵک بەهۆی نەفرەت و قینەوە نا بەڵکو بۆ ئەزموون، گەشتوگوزار و خوێندن بڕۆن و، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ئاستی زانکۆ و خوێندن بەرزبکەینەوە و گرنگی پێبدەین. ئەگەر لە ژوورێک بۆ کارێک پێویستت بە ٣ کەس بێت و ٦ کەس لە ژوورەکەدا بێت، ئەمەیان خۆی لەخۆیدا بێکارییە. دەبێت هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنین و دووبارە هیوای داهاتوو بۆ گەنج بگەڕێنینەوە”.

سەرۆکی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان، وتیشی، “بەردەوام گوێبیستی ئەو لێدوانانە دەبین کە لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە دەدرێنو باس لەوە دەکەن گەنجان هیوای داهاتوون. بەداخەوە گەنجێک کە ئێستای نییە هیچ داهاتوویەکیشی نابێت. گەنجان پێویستە ئێستایەکیان هەبێت بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشیان هەبێت. هەر بۆیە دەبێت حکومەت لەمڕۆوە هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت”.

سیروان گەردی باسی لە پێویستی پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆژانەی کرد کە لەلایەن گەنجانەوە دامەزراون و وتی، “نیوەی ئەوانەی لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن لە فەرمانگە حکومییەکانیشدا کاردەکەن، بۆیە پێموایە پێویستە بڕیارێک لەلایەن حکومەتەوە بدرێت کە ڕێگە نەدرێت ئەوانەی لە دامودەزگا حکومییەکانن لە کەرتی تایبەتیشدا کاربکەن”.

گەردی لەبارەی ئامارەکانی بێکاری ئەو داتایانەی خستەڕوو، “لە ساڵی ٢٠٢٠، ڕێژەی بێكاری لە هەرێم لەسەدا ١٤ بووە، ساڵی ٢٠٢١ بۆ لەسەدا ١٥.٤ و لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ لەسەدا ١٨ بەرز بووەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ لەسەدا ١٥ دابەزیوە. ئەم داتایانە سەرچاوەکەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کارە، بەڵام دامەزراوەی داتا لە وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات کە دڵنیا نین لەم ژمارانە”.

گەردی ئاماژەی بەوەدا کە کار بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری دەکەن، وتیشی، “بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندرا کە توانای کارکردن لە کەرتە تایبەتەکاندا دەبێت لەسەدا ٧٥ بێت. ئەمە هەواڵێکی خۆش بوو بۆ ئێمە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە وەزارەتەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ ناکەن”.

گەردی راشیگەیاند، “لە ئێستادا کاتێک سەیری زۆرێک لە چێشتخانە و کافێیەکان دەکەین، دەبینین کارمەندەکان بیانین. کاتێک باسی ئەم بابەتەمان لەگەڵ خاوەنکارەکاندا کرد باسیان لەوە کرد، هاووڵاتییان سەردانییان ناکەن بۆ کارکردن. هەروەها دەبینین لە بازاڕیشدا هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ نییە، دەتوانین ئەم بۆشاییە بە کردنەوەی ئامادەیی نوێی پیشەسازی پڕبکەینەوە. ئەو زانیارییەشمان بەدەستگەیشت کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ١٤ پەیمانگای پیشەسازی دەکاتەوە”.

سیروان گەردی جەختی لەوە کردەوە کە کێشەیەکی دیکەی ناو کۆمەڵگا ئاڵودەبوونی گەنجانە بە ماددەی هۆشبەر و وتی، ” لە ٢٠٢٠ـدا ژمارەی ئەوانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن گەیشتە هەزار و ١١٣ كەس تەنیا لە هەولێر و دهۆك، هەروەها ٩٤٣ كەس لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن. ژمارەکان زۆر لەوە زیاترن کە باسی لێوەدەکرێت”.

باسی لەوەش کرد، ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢١ زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ١٩٤٣ كەس لە هەولێر و دهۆك. لە ناوچەکانی دیکەش گەیشتووەتە ٢ هەزار و ١٥٠ کەس.

و لە ٢٠٢٢ـدا بووە بە هەزار و ٢١٧ كەس لە هەولێر و دهۆك و ٨٠٠ لە سنووری سلێمانی، لە شەش مانگی یەكەمی ٢٠٢٣ش ٥٠٣ كەس لە هەولێر و دهۆك لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون”.

راشیگەیاند، “لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەولێر و دهۆک ژمارەکە گەیشتە ١٢١٧، و لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بە ٨٠٠ کەس دەخەمڵێندرێن”.

سەبارەت بە ساڵی ٢٠٢٣ زانیاری لەسەر ژمارەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڵاونەکرایەوە.

هەواڵ: نورخان کەرخی

En az 10 karakter gerekli