مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەیامێكدا پشتگیری بۆ پەیامەکەی مەسعود بارزانی دەربڕی و رایگەیاند، “ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆک رادەگەیەنین، ئامادەشین بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەبێ جیاوازی”.
مەکتەبی سیاسیی پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “بەناوی لایەنگر و ئەندامان و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتگریی تەواوی خۆمان بو پەیامی مەسعود بارزانی دەردەبڕین کە دوێنێ پێنجشەممە لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان ئاڕاستەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کرد”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “پەیام و دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی وەکو درێژەپێدەری پەیامی ئاشتیخوازانەی بارزانیی نەمر بەرز دەنرخێنین و، هەمو ئامادەیی خۆشمان بو جێبەجێکردنی فەرمانەكەی رادەگەیەنین”.
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەشكردووە، “لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، هەنگاوی کردەیی بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانی جەنابیان بە راست و گرنگ دەزانین و ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ هەمو لایەنەکان بەبێ جیاوازی دەردەبڕین”.